رووداو - تەندروستی
سەندیکای پزیشکانی میسر، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو مەترسییە گەورەیەی کە بەهۆی نەشتەرگەریی گۆڕینی رەنگی چاوەوە دروستدەبێت، چونکە رێکاری سەلامەت نین و رەنگە ببنە هۆی لێکەوتیی مەترسیدار کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بینین هەیە.
د. جەمال عومەیرە، بریکاری سەندیکای پزیشکان دەڵێت: ئەم نەشتەرگەرییە رەفتارێکی مەترسیداریی پزیشکییە و پزیشکانی میسر ئاگادار دەکاتەوە ئەو کارە نەکەن، چونکە زیانی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە و رەنگە بگاتە ئەو ئاستەی چارەسەر ناکرێن.
عومەیرە، ئاماژەی بەوەش کرد کۆمەڵەی زانستیی پسپۆڕ لە کۆماری عەرەبیی میسریدا هۆشداریی فەرمیی دەرکردووە، ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لەو جۆرەی ئیدانە دەکات و جەخت دەکاتەوە دەبێت پزیشکان خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە نەشتەرگەرییە، بۆ پاراستنی نەخۆشەکان لەو دەرەنجامە مەترسیدارانەی تووشیدەبن.
لە دەقی روونکردنەوەی کۆمەڵەی پزیشکانی چاوی میسردا هاتووە، "هەڵوێستی کۆمەڵەکەمان بەرامبەر بەم نەشتەرگەرییە نەگۆڕە و بە تەواوی رەتیاندەکەینەوە، داوا لە پزیشکانی چاو دەکەین ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام نەدەن یان هیچ بانگەشەیەکیان بۆ نەکەن و بە تەواوی پابەندی پێوەرە زانستی و ئەخلاقییە پیشە بەنرخەکەمان و تەواوی نەخۆش و هاووڵاتییان بن، هەروەها پابەندبن بە یاسای میسری جەخت لە سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستیی هاووڵاتییان دەکاتەوە لە کارە پزیشکییەکاندا".
لە راگەیێندراوێکی سەندیکای پزیشکانی میسردا هاتووە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات، شوێن ئەو رێکلام و ئۆفەرانە نەکەون بۆ نەشتەرگەریی گۆڕینی رەنگی چاو و مەبەستی جوانکاری دەکرێن، چونکە لێکەوتی مەترسیداری تەندروستی لێدەکەوێتەوە.



