رووداو - تەندروستی
راوێژکارێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، کەمیی مەگنسیۆم هۆکارێکی گیرانی لوولەکانی خوێن و جەڵتەیە.
د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی راگەیاند، مەگنیسیۆم گرنگییەکی زۆری بۆ تەندروستیی جەسە هەیە و پێویستە لە خۆراکەکانماندا هەبێت، وەکو ئەم خۆراکانەی خوارەوە:
- کیوی
- فستق
- سپێناخ
د. هەڵگورد روونی کردەوە، ئەگەر کەسێک کێشەی کەمیی مەگنیسیۆمی هەبێت، کالیسیۆم لە شوێنی ئەو لەگەڵ چەوریدا یەکدەگرێت و لە دیواری لوولەکانی خوێن دەنیشێت و قەتماخە دروستدەکات؛ ئەمەش دەبێتە هۆی گیرانی لوولەکانی خوێن و لەوانەیە جەڵتەی دڵ و مێشک یان سستیی دڵ و گورچیلەی لێبکەوێتەوە.
لەبارەی نیشانەکانییەوە، راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو ئاماژەی بەوە کرد کە کەمیی مەگنیسیۆم نیشانەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام بە گشتی دەبێتە هۆی شەکەتی، ماندووبوون و کێشەکانی خەو.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. هەڵگورد گوتی: بەداخەوە خاکی ئێمە مەگنیسیۆمی کەمە و لە خۆراکەکانیشدا کەمتر دەست دەکەوێت، کیوی، فستق و سپێناخیش لەلای ئێمە کەمتر بەرهەمدێن، هەرچەندە لە وڵاتانی وەک ئوسترالیا و ناوچەی قەزوین لە باکووری ئێران خاکەکەیان دەوڵەمەندە بە مەگنیسیۆم و ئەو خۆراکانە لەوێ زیاتر دەڕوێن.



