رووداو – تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی (FDA) بۆ یەکەمجار رێگەپێدانی فەرمی بە پشکنینی خوێندا بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیی ''ئەڵزهایمەر''.
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی لە ئابی 2026ـدا، بڕیارێکی گرنگی دەرکرد بۆ پەسندکردنی جۆرە پشکنینێکی نوێیی خوێن، کە پێشتر بۆ دڵنیابوون لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ''ئەڵزهایمەر''، پزیشکان ناچار بوون پەنا بۆ پشکنینی تیشکیی گرانبەها یان وەرگرتنی شلەی مۆخ و بڕبڕەی پشت ببەن و پشکنینێکی ئازاربەخش بوو.
چۆنیەتیی کارکردن؛
پشکنینەکە بڕی ئەو پڕۆتینە زیانبەخشانە لە خوێندا دەپێوێت کە لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشیی ''ئەڵزهایمەر''دا لە مێشکدا کۆدەبنەوە، وەکو پڕۆتینەکانی ئەمایڵۆید و تاو.
رێژەی وردبینی؛
بەپێی توێژینەوەی زانکۆی پزیشکیی واشنتن، وردبینیی ئەم پشکنینەی خوێن زۆر بەرزە و نزیکەی لە 90%ـی حاڵەتەکان بەڕاستی دەستنیشان دەکات.
پزیشکانی دەمار و پسپۆڕانی زانکۆی واشنتن دەڵێن: ناسینەوەی زووی ''ئەڵزهایمەر'' یارمەتیدەرێکی سەرەکییە، چونكە ئێستا دەرمان هەن دەتوانن خێرایی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کەم بکەنەەوە، بە مەرجێک لە سەرەتاوە دەست بە وەرگرتنیان بکرێت.
پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ بەساڵاچووان و نەخۆشییەکانی مێشک، ''ئەڵزهایمەر'' نەخۆشییەکی درێژخایەنی مێشکە وردەوردە دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانەکانی مێشک، ئەمەش وەک لەبیرچوونەوەی رووداوە نزیکەکان، تێکچوونی توانای بیرکردنەوە، گۆڕانی رەفتار و لە کۆتاییدا لەدەستدانی توانای بەڕێوەبردنی کارە رۆژانەکان خۆی دەبینێتەوە.



