رووداو - تەندروستی
ناوەندی مایۆکلینیک هۆشدارییەکی بۆ ئەوانە راگەیاندووە کە زۆر دادەنیشن و ئاشکرای دەکات، ئەگەری تووشبوونیان بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن زیاد دەکات، چونکە کاتێک دادەنیشیت وزەیەکی کەمتر بەکاردەهێنیت بەراورد بە کاتێک کە بە پێوە دەوەستیت یان دەجووڵێیت.
بەپێی مایۆکلینیک، دانیشتنی زۆر بە قەڵەویی بەستراوەتەوە، هەروەها پەیوەستکراوە بە کۆمەڵێک حاڵەتەوە کە بریتین لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزیی شەکری خوێن، چەوریی زیادەی دەوری کەمەر و ئاستی کۆلیسترۆڵ.
پزیشکانی ناوەندەکە ئەوە باس دەکەن کە زۆردانیشتن بە گشتی مەترسیی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەکات.
لە توێژینەوەیەکی توێژینەوەکان شیکاری بۆ 13 توێژینەوە کراوە لەبارەی ماوەی دانیشتن و ئاستی چالاکیی زیاتر لە 1 ملیۆن کەس کە دەرکەوتووە؛ ئەوانەی رۆژانە زیاتر لە هەشت کاژێر بەبێ هیچ چالاکییەکی جەستەیی دادەنیشن، مەترسیی مردنیان هاوشێوەی ئەو مەترسییەیە کە قەڵەوی و جگەرەکێشان دروستی دەکەن، بەڵام 60 بۆ 75 خولەک چالاکیی جەستەیی مامناوەند لە رۆژێکدا کاریگەرییەکانی زۆر دانیشتن ناهێڵێت.
چەند پێشنیازێک بۆ کەمتر دانیشتن:
- کاتێک بە تەلەفۆن قسە دەکەیت یان سەیری تەلەڤزیۆن دەکەیت، بە پێوە بوەستە.
- ئەگەر لەسەر مێزێک کار دەکەیت، هەوڵبدە هەندێک جار مێزی راوەستان بەکاربهێنیت. دەتوانیت بە راوەستان لەسەر مێزێکی بەرز یان کاونتەرێک کارەکەت بکەیت.
- لەگەڵ هاوکارەکانت کۆبوونەوەکانتان بە رۆیشتنەوە بکەن لەبری ئەوەی لە ژووری کۆبوونەوە دابنیشن.
هەموو جۆرەکانی جووڵە دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر تەندروستیت هەبێت، تەنانەت جووڵەی ئاسایی و هێواش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی تەندروستی.



