رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆت دازوری فەرەنسا ئاشکرای کردووە، حەبێک کە رۆژانە یەک جار دەخورێت، یارمەتیدەرە لە گەڕاندنەوەی رەنگی پێستی هەندێک لە تووشبووانی نەخۆشیی بەڵەکی، کە نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی سپی لەسەر پێست.
ئەم پێشکەوتنە رەنگە چارەسەرێکی ئاسانتر دابین بکات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە پەڵەی فراوانیان هەیە، چونکە حەبەکە لە سەرانسەری جەستەدا کار دەکات لەبری ئەوەی تەنیا شوێنە دیاریکراوەکان بکاتە ئامانج.
نەخۆشیی بەڵەکی کاتێک دروستدەبێت کە سیستمی بەرگریی جەستە بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانەی بەرپرسن لە رەنگی پێست (میلانین).
چارەسەرە هەنووکەییەکان کرێم و چارەسەرکردن بە رووناکی لەخۆدەگرن، کە رەنگە یارمەتیدەر بن لە گەڕاندنەوەی رەنگ، بەڵام پێویستییان بە دووبارەکردنەوەی چارەسەر هەیە بۆ ماوەی چەندین مانگ، هەروەها بەکارهێنانی کرێمەکان رەنگە قورس بێت کاتێک نەخۆشیی بەڵەکی رووبەرێکی بەرفراوان دادەپۆشێت.
توێژینەوە نوێیەکە کە لە گۆڤاری لانسێت بڵاو کراوەتەوە، تاقیکردنەوەی لەسەر دەرمانی "ئوپاداسیتینیب" (upadacitinib) کردووە لەسەر 614 کەس؛ تاقیکردنەوەی یەکەم 25٪ی ئەو نەخۆشانەی دەرمانەکەیان خواردبوو، لانیکەم 75٪ی رەنگی لەدەستچووی پێستی رووخساریان بۆ گەڕابووەوە، تاقیکردنەوەی دووەمیش نزیکەی هەمان ئەنجامی دووبارە کردەوە کە 23٪ بوو، هەروەها رەنگ بۆ بەشەکانی دیکەی جەستەش گەڕایەوە.
یەکێتیی ئەورووپا، رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی "ئوپاداستینیب" بۆ تووشبووانی بەڵەکی لە پێگەیشتووان و نەوجەوانان داوە.


