رووداو - تەندروستی
لە خەودا قسەکردن ئاساییە، بەڵام ئەگەر لە چەندین شەودا روودبدات رەنگە پێویستی بە چاودێریی پزیشکی بێت، لەوانەیە وشەکان روون و رەوانبن یان تێگەیشتنیان قورس بێت، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ئەو کەسانەی گوێیان لێیە شتێکی بێزارکەر بێت، بەڵام قسەکردن لە خەودا پێدەچێت نیگەرانکەر بێت.
د. رۆسلان ئیسایێڤ، پسپۆڕی دەروونناسی و پسپۆڕی چارەسەری ئاڵوودەبوون و مادە هۆشبەرەکان لە رووسیا رایدەگەیێنێت، قسەکردن لەکاتی خەودا لە هەندێک حاڵەتدا پێویستی بە چاودێریی پزیشکییە و دەبێت کەسەکە پزیشک ببینێت.
ئەو پزیشکە لە روونکردنەوەیەکدا گوتی: "رەنگە لەکاتی قسەکردن لە خەودا وشە یان دەستەواژەی جیاواز بەکاربێن، یان تەنانەت کەسەکە بکەوێتە گفتوگۆیەکی کورتەوە کە زۆربەی کات هەستپێناکرێت یان کاتێک لە خەو هەڵدەستێت بیری نامێنێت، ئەم حاڵەتانە ئاماژە بە بوونی تێکچوونی دەروونی ناکەن''.
بەڵام ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات کە ئەگەر قسەکردن لەکاتی خەودا بەشێوەیەکی لەناکاو لە تەمەنی پێگەیشتوودا دەرکەوت، یان دووبارە بووەوە، یان نیشانەی دیکەی نامۆ وەکو (قیژاندن، ترسی زۆر، جووڵەی لەناکاو، هەوڵدان بۆ هەستان لە جێگە یان هەر رەفتارێکی دیکەی لەگەڵدا بوو) کە مەترسیی پێکان دروستبکات، ئەوا پێویستیی بە چاودێریی پزیشکییە.
بە گوتەی پزیشکەکە ئەگەر ئەم نیشانانە هەبوون ئەوا راوێژکردن بە پزیشک پێویستە؛
- قسەکردن لەکاتی خەودا بووە هۆی تێکچوونێکی بەرچاوی خەوی کەسەکە یان ئەوەی لە تەنیشی خەوتووە.
- ئەگەر نیشانەکانی خەواڵوویی لە رۆژدا هەبوو.
- ماندووێتیی درێژخایەن.
- خەوزڕان.
بە گوتەی ئەو، قسەکردن لەکاتی خەودا بە شێوەیەکی گشتی جێگەی نیگەرانی نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن روودەدات و ئایا هاوکاتە لەگەڵ تێکچوونەکانی دیکەی خەو و رەفتارەکاندا یاخود نا.


.jpeg&w=3840&q=75)
