رووداو - تەندروستی
دامەزراوەی خۆراک لە بەریتانیا لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، وەرگرتنی پڕۆتین لە کەسانی تەندروستدا نابێتە هۆی سستبوونی گورچیلە، بەڵام بارگرانی لەسەر گورچیلە زیانپێگەیشتووەکان زیاد دەکات و دواتر نەخۆشییەکانی گورچیلەی لێدەکەوێتەوە.
دامەزراوەکە روونی دەکاتەوە، ئەگەر زیاد لە پێویست پڕۆتین وەربگیرێت جا چ لە خۆراکی تەندروست بێت یاخود خۆراکە دەستکاریکراوەکان و گۆشتە بەستووەکان بێت، کێشەی جیدیی تەندروستی لێدەکەوێتەوە بەتایبەت لەسەر گورچیلەکان.
بەپێی دامەزراوەکە، پڕۆتین کالۆریشی تێدایە، وەک هەر خۆراکێکی دیکە، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی کێش ئەگەر وەک بەشێک لە سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ نەخورێت.
خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە پڕۆتین بریتین لە:
- پاقلەمەنییەکان و نیسک
- چەرەس و تۆوەکان
- گۆشت
- هێلکە
- ماسی
- شیرەمەنییەکان (وەک شیر، پەنیر و ماست)
وەک بەشێک لە سیستمی خۆراکیی هاوسەنگ و تەندروست، پڕۆتین چەندین سوودی باشی هەیە، یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش، دەتوانێت پشتگیریی گەشەکردن و چاکبوونەوەی ماسوولکەکان بکات، بەڵام هەمیشە پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە، زۆرخواردنی هۆکارە بۆ کێشزیادبوون و سستبوونی گورچیلەکان.
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا
بۆ پیاوانی پێگەیشتووی تەندروست بڕی پڕۆتینی پێشنیازکراو؛
- 56 گرام لە رۆژێکدا (0.8 گرام بۆ هەر کیلۆیەک لە کێشی جەستە).
بۆ خانمانی پێگەیشتووی تەندروست بڕی پڕۆتینی پێشنیازکراو؛
45 گرام لە رۆژێکدا (0.75 گرام بۆ هەر کیلۆیەک لە کێشی لەش)
.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

