رووداو - تەندروستی
دەرمانەکانی کێشدابەزاندن دەکرێت رۆڵێکی گرنگ ببین لە پاراستنی مێشک و یارمەتیدەر بن لە کێشڕێکی بۆ تووشبووانی نەخۆشیی دووجەمسەری تاوەکو چارەسەرەکانیان کاریگەرتر بێت و ماوە خەواندنیان لە نەخۆشخانە کەم ببێتەوە.
لێکۆڵینەوەیەک لەسەر 15 هەزار نەخۆش ئەنجامدراوە کە نەخۆشیی دووجەمسەرییان هەبوو، بۆماوەی 15 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە، ئەو نەخۆشانەی چارەسەریان بۆ نەخۆشیی دووجەمسەری وەرگرتووە و دەرمانەکانی کێشدابەزاندنی جۆری GLP-1 بەکارهێناوە، رێژەی خەواندنیان لە نەخۆشخانە بە رێژەی 21٪ کەمتر بووە بەراورد بەوانەی دەرمانەکانی کێشدابەزاندنیان بەکارنەهێناوە.
پڕۆفیسۆر د. مارک تایلۆر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە زانکۆی گریفس لە ئوسترالیا دەڵێت: زۆرێک لەم دەرمانە دەروونییانە دەبنە هۆی قەڵەوبوون، قەڵەویی خۆی دۆخی دەروونی تێکدەدات، بۆیە بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەی قەڵەوی یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و گوشاری خانەکانی مێشک.
پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لەبارەی نەخۆشییەکەوە رایدەگەیێنێت، نەخۆشیی دوو جەمسەری نەخۆشییەکی دەروونییە تێیدا باری دەروونی کەسەکە لە ناکاو دەگۆڕێت؛ جاری وا هەیە کەسەکە وزە و خۆشییەکی زۆری هەیە، جاری واش دەکەوێتە دۆخێکی دڵشکان و بێهێزی، واتە باری دەروونیی هەمیشە لەنێوان دوو دۆخی پێچەوانەدا دەسووڕێتەوە.



.png&w=3840&q=75)