رووداو - تەندروستی
توێژەرانی ژاپۆن لەڕێگەی توێژینەوەیەکەوە رێگەیەکی نوێ بۆ زوودەستنیشانکردنی ئاوی رەشی چاو دەدۆزنەوە و ئەمە بەرچاویان رۆشن دەکات بۆ چارەسەری نوێ.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کیوشۆی ژاپۆن ئەنجامدراوە، رێڕەوێکی گەردیلەیی نوێی دۆزیوەتەوە کە روونی دەکاتەوە بۆچی پەستانی نێو چاو لە شەواندا بەرز دەبێتەوە کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە ئاوی رەشی چاو.
ئاوی رەشی چاو، نەخۆشییەکە کە زیان بە دەماری بینین دەگەیێنێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی. بەرزبوونەوەی پەستانی چاو هۆکارێکی تووشبوونە، ئەم پەستانە بە درێژایی رۆژ دەگۆڕێت و زانراوە کە لە شەواندا بەرز دەبێتەوە.
توێژەران لە زانکۆی کیوشۆ بۆیان دەرکەوتووە، گوێزەرەوەی دەماریی "نۆرئێپینفرین"، ئاستی گەردیلەیەک بە ناوی "RHOB" لە سیستمی پاڵاوتنی چاودا بەرز دەکاتەوە. ئەمەش وادەکات توانای چاو بۆ پاککردنەوەی خۆی لاواز بێت و لە ئەنجامدا پەستانی نێو چاو زیاد بکات.
بەرزبوونەوەی پەستانی چاو لە شەواندا نیشانەیەکی سەرەکییە بۆ دەستنیشانکردنی ئاوی رەشی چاو، بەڵام لەبەر ئەوەی پەستانەکە لە رۆژدا نزمترە، پشکنینە ئاساییەکان لەوانەیە ئەم نیشانە ئاگادارکەرەوەیە نەدۆزنەوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کەسانی بەساڵاچوو، کە کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەیان تێکدەچێت، رووبەڕووی مەترسیی زیاتری تووشبوون بە ئاوی رەشی چاو دەبنەوە.
تیمی توێژینەوە ژاپۆنییەکە، قەترەیەکی چاویان بەکارهێناوە کە رێڕەوی کیمیایی کۆنتڕۆڵکردنی گەردیلەی RHOB رادەگرێت، ئەو قەترەیەش توانیویەتی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو لە شەواندا کەم بکاتەوە و رێگری لە ئاوی رەشی چاو بکات.


.png&w=3840&q=75)
