رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی تێکساس رێگەیەکی نوێ و بێئازاری دۆزیوەتەوە کە یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی زووتری پەککەوتنی گورچیلە.
نەخۆشیی گورچیلە لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە و زۆربەی کات تاوەکو نەخۆشییەکە قۆناخی پێشکەوتوو بەخۆیەوە نەبینێت، هەستی پێناکرێت.
توێژەران لە زانکۆی ئەی ئەند ئێمی تێکساس، پەرەیان بە پارچەیەک داوە کە سەرەدەرزیی بچووکی تێدایە، لەسەر پێست دادەنرێت و بە خێرایی و سەلامەتی نیشانە بایۆلۆژییەکانی نەخۆشییەکە لە شلەی نێوان خانەکانی پێستدا کۆ دەکاتەوە.
پرۆفیسۆر د.سریکانت سینگامانێنی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونی دەکاتەوە، ئەم پارچەیە سەرکەوتنی سەرەتایی بەدەستهێناوە لە دیاریکردنی نیشانە سەرەتاییەکانی برینداربوونی گورچیلە و رەنگە لە داهاتوودا ببێتە بنەمایەک بۆ چاودێریکردنی نەخۆشییەکە لە ماڵەوە یان لە خاڵەکانی چاودێریی تەندروستیدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە ساردکەرەوە هەبێت.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردنی زووتری برینداربوونی گورچیلە، پێویستیی بە نموونەی خوێن و پاراستنی سامپڵەکانە لە پلەی گەرمیی نزمدا، ئەمەش وایکردووە پشکنینەکە لە ماڵەوە یان لە شوێنە دوورەدەستەکاندا کارێکی ئەستەم بێت.
بەڵام ئەم پارچە زیرەکە بەهۆی مادەیەکی تایبەتەوە کە وەک بەرگێکە، دژەتەنەکان دادەپۆشێت، دەتوانێت بۆ ماوەی چوار هەفتە لە پلەی گەرمیی 50 پلەی سیلیزیدا چالاکیی خۆی بپارێزێت.
توێژەران ئەمە بە ئومێدێک دادەنێن بۆ زوودەستنیشانکردنی نەخۆشی و ناڕێکییەکانی گورچیلەکان، بە بێ ئەوەی پێویستی بە دەرهێنانی خوێن بێت.


.png&w=3840&q=75)
