رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیتاڵیا دەریخستووە، خواردنی رۆژانەی تەماتە بۆ ماوەی 6 هەفتە، یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی چەوریی سەر جگەر.
توێژینەوەکە لە زانکۆی باری لە ئیتاڵیا لەسەر ژمارەیەک لە کەسی تووشبوو بە چەوریی جگەر کە کراون بە دوو کرووپەوە گروپێکیان رۆژانە 200 گرام تەماتەی کاڵ و 50 گرام دۆشاوی تەماتەیان دەخوارد و گروپەکەی دیکە سیستمی خۆراکییان هیچ جۆرە تەماتەیەکی تێدا نەبوو دەرکەوتووە تەماتە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی چەوریی جگەر.
د. رۆسێلا دۆنگیا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی باری گوتی "تەماتە لایکۆپین و مادەی دژەئۆکسانی تێدایە، بۆیە ئەو کەسانەی رۆژانە تەماتە دەخۆن رێژەی چەوری جگەرییان کەمیکردووە بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر کێشی جەستەیان هەبێت".
توێژینەوەیەکی دیکەش لە زانکۆی ئۆهایۆ ستەیتی ئەمریکی دەریخستووە، خواردنەوەیەکی تایبەت کە لە تێکەڵەی تەماتە و سۆیا پێکهاتووە، یارمەتیی کەمکردنەوەی هەوکردن دەدات لەو کەسانەی کێشیان زیادە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی مانگێک رۆژانە 2 پەرداخ لە خواردنەوەکەیان خواردووەتەوە، رێژەی هەوکردن لە جەستەیاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
پرۆفیسۆر د. جێسیکا کوپەرستۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت " تەماتە رێژەیەکی زۆر لە مادەی لایکۆپین و دژەئۆکسانی تێدایە، سۆیاش دەوڵەمەندە بە مادەی ئایسۆفلاڤن هەردووکیان بەیەکەوە هەوکردنی جەستە کەم دەکەنەوە".
پرۆفیسۆر د. جێسیکا کوپەرستۆن ئاماژە بەوەدەکات " ئەوە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی تەنیا دەتوانرێت لەڕێگەی خۆراکی تەندروستەوە هەوکردنی جەستە کەم دەکاتەوە."


.png&w=3840&q=75)
