رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون و نەزۆکی رایدەگەیێنێت، خانمان بەتایبەتیش کچانی گەنج پێویستە هەر لە تەمەنی پێگەیشتنیانەوە دەست بە چەند پشکنینێکی پێشوەختە بکەن بەتایبەت سۆنەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-8-2026 د. بنار دزەیی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، خانمانی گەنج دوای (باڵخبوون) پێویستە ساڵی جارێک پشکنینی سۆنەر بکەن و دڵنیا ببنەوە لە تەندروستیی ئەندامەکانی نێو سک و حەوزیان. ئەو پزیشکە بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە چونکە دەڵێت ''پێشان وا باو بوو کە کچانی تازەپێگەیشتوو هیچ پشکنینێکیان ناوێت''، بەڵام د. بنار ئەمە بە هەڵەیەکی مەترسیدار ناو دەبات.
د. بنار دزەیی هۆکاری پشکنینی پێشوەختەی کچان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دڵنیایی هەبێت لە رێکیی سووڕی مانگانە و پشکنین بۆ هۆڕمۆنەکانی جەستەی خانمەکەش بکرێت بەتایبەت کاتی تێکچوونی سووڕی مانگانە، پاشانیش ئەگەر هەر کیسێکی هێلکەدان هەبێت و لە پشکنین دەربچێت، زوو دەستنیشان دەکرێت و زووش چارەسەر دەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە ''لەماوەی هەفتەیەکدا دوو کچی تەمەن 14 ساڵ و 11 ساڵ هاتنە لام، هەردووکیان کیسی هێلکەدانیان هەبوو، بەڵام درەنگ پشکنینیان کردبوو و چارەسەری گونجاویشیان وەرنەگرتبوو ئینجا هاتبوونە لام، دواتر دەرکەوت، کیسەکە وای لە هێلکەدانیان کردبوو کە گەنینی بەسەردا بێت و ببێتە دۆخێک بە پێی دەگوترێت (گانگرین). بەداخەوە نەتوانرا چارەسەر بکرێن و بە نازوور هێلکەدانیانمان لابرد''.
خانمان دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی پشکنینی 'PAP Smear' بکەن
لەبارەی ئەو خانمانەی ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە د. بنار دزەیی دەڵێت: پێویستە ساڵانە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان لەڕێگەی پشکنینی 'PAP Smear' بکەن، یاخود لانیکەم بیکەن بە دوو ساڵ جارێک.
بەڵام لەو خانمانەی کە سەروو 30 ساڵن و ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، لەگەڵیشیدا لەکاتی سێکس خوێن دەبینن یان ئازاریان هەیە و هەوکردنیان زۆرە، پێویستە و زۆریش گرنگە کە ساڵی جارێک پشکنین بکەن.
بەگوتەی د. بنار، ئەو خانمانەی ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە پێویستە بایەخی تەواویش بە خودپشکنینی مەمک دوای سووڕی مانگانە و سۆنەری مەمک بدەن. لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکیش لە ئەنجامی ئەو دوو پشکنینە، دواتر بە راوێژی پزیشک مامۆگرافی بکەن.
.png&w=3840&q=75)


