رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، رەزامەندی فەرمی دا بە کۆمپانیاکانی تاکیدا و پڕۆتاگۆنیست بۆ خستنەبازاڕی دەرمانێکی نوێ بە ناوی MIMRYLO کە ناوە زانستییەکەی Rusfertideـیە و بۆ جۆرە شێرپەنجەیەکی دەگمەنی خوێنە.
د. ئەندرو کیوکێندال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە سەنتەری شێرپەنجەی مۆفیتی ئەمریکی دەریخستووە، پەسندکردنی ئەم دەرمانە لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی فراوان بووە و لەسەر 293 تووشبووی نەخۆشیی پۆلیسایتیمیا ڤێرا (Polycythemia Vera - PV) ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە؛ نزیکەی 77٪ـی ئەو نەخۆشانەی دەرمانەکەیان وەرگرتووە، رێژەی خوێنیان ئاسایی بووەتەوە.
بەپێی مایۆکلینیک، نەخۆشیی پۆلیسایتیمیا ڤێرا (Polycythemia Vera) جۆرێکە لە شێرپەنجەی خوێن تێیدا جەستە بڕێکی زۆر و نائاسایی لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن و مەترسیی جەڵتە و کێشەکانی دڵ. لە پێشتردا نەخۆشەکان ناچاربوون بە بەردەوامی خوێن لە جەستەیان دەربکەن بۆ ئەوەی رێژەی خانە سوورەکان کەم بکەنەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ژیانی رۆژانەیان و ماندوویان دەکات.



