رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، دەکرێت بە وەستاندنی پڕۆتینیکی دیاریکراو دەمارەخانە زیانپێگەیشتووەکان بتوانن دووبارە گەشە بکەنەوە.
توێژینەوەیەک لە قوتابخانەی پزیشکیی ماونت سینا لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، رێگریکردن لە پڕۆتینێک بە ناوی (AHR) دەتوانێت گەشەی دەمارەکان هان بدات و چاکبوونەوەی دڕکەپەتک دوای برینداربوونی باشتر بکات.
پڕۆفیسۆر د. هۆنگیان زو، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دەمار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: کاتێک دەمارەخانەکان بریندار دەبن، دەبێت رووبەڕووی ئەو زیانە ببنەوە کە پێیانگەشتووە و هەوڵی گەشەکردنەوەی تەوەرەکانیان بدەن. ئێمە بۆمان دەرکەوت کە پڕۆتینی AHR وەک وەستێنەرێک کار دەکات کە دەمارەخانەکان لە جیاتیی ئەوەی خۆیان چاک بکەنەوە، بەرەو رووبەڕووبوونەوەی گوشار و زیانەکە ئاڕاستە دەبن.
کاتێک توێژەرانی قوتابخانە ئەمریکییەکە پڕۆتینی AHRـیان لە دەمارەخانەکان لابرد یان بە دەرمان چالاکییەکەیان راگرت، ریشاڵە دەمارییە زیانپێگەیشتووەکان بە سەرکەوتووییەکی زیاترەوە گەشەیان کردەوە.
لە کۆتایدا پڕۆفیسۆر د. هۆنگیان گوتی: ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری نوێ بەتایبەت ئیفلیجی. چەندین دەرمان کە بۆ رێگریکردن لە AHR دروستکراون لەژێر تاقیکردنەوەدان.



