رووداو - تەندروستی
گرووپێک لە پزیشکانی کورد لە هیندستانن و بەشداریی کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیی هەناوبینی دەکەن و یەکێک لە پزیشکەکان دەڵێت، چارەسەر بە هەناوبین پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بیبنیوە و ئامانجی سەرەکیی کۆنفڕانسەکەش، دەرخستنی نوێترین داهێنانەکانی بوارەکە بوو.
ئەم ساڵ کۆنفڕانسەکە کە ناوەکەی Endoconـە لە نیو دێلهی لە هینستان بەڕێوەدەچێت و جەخت دەخاتە سەر داهێنانە نوێیەکانی بواری هەناوبینی لەلایەن پسپۆڕە گەنجەکانەوە، بۆ ئەوەی زیاتر هان بدرێن تاوەکو کارەکەیان بەرەو پێشەوە ببەن.
د. رۆزا ماکوان، پسپۆڕیی وردی هەرس، جگەر و هەناوبینی یەکێکە لەو پزیشکانەی بەشدارە لە کۆنفرانسەکە و بە رووداوی راگەیاند، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە پزیشك هاتوون.
د. رۆزا ماکوان دەڵێت: ئەو نەخۆشییانەی لە هەرێمی کوردستان باون، بەهەمان شێوە لە هیندستانیش باون بەتایبەت (کێشەکانی زراو و بۆڕییەکانی زراو، شێرپەنجەکانی کۆئەندامی هەرس و گۆشتی زیادە).
لە کۆتاییدا ئەوە باس دەکات، بەشداربوونی پزیشکانی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفڕانسە جیهانییانە بایەخێکی گرنگ بە بەرزکردنەوەی کواڵیتیی چارەسەرییەکان بۆ نەخۆشانی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.
ئەو باسی رێگەیەکی نوێی کرد کە لە کۆنفڕانسە پزیشکی و زانستییەکاندا ئەنجامدەدرێت ئەویش نەشتەرگەریی راستەوخۆیە و گواستنەوەیەتی بۆ نێو هۆڵی کۆنفڕانسەکە، تاوەکو بەشداربووان بە راستەوخۆ بیبینن و هەر کەسێک پرسیاری هەبوو، رێک لەنێو نەشتەرگەرییەکەوە لە نەشتەرگەرەکەی بپرسێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-8-2026 کۆتا رۆژی کۆنفڕانسەکەیە و لە 28ـی مانگەوە بەردەوامە کە لەلایەن کۆمەڵەی هەرس و جگەر لە هیندستانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت.




