رووداو - تەندروستی
لە تاقیگەیەکی مەکسیک لە پەیمانگەی بایۆتەکنەلۆژیی مەکسیک، کار دەکرێت بۆ دروستکردنی جۆری نوێی دژەژەهری مار.
مەکسیک لەسەر ئاستی جیهاندا دووەم وڵاتە کە زۆرترین ماری ژەهراویی تێدایە و زۆرترینیشیان ماری جۆری ڤایپەرن و لەو وڵاتە 74 جۆری ماری ڤایپەر هەن، ساڵانە سێ هەزار و 800 حاڵەتی پێداوەدانی مار تۆمار دەکرێت کە پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزار حاڵەت بێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی 35 کەسیش بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.
د. ئیدگار نێری کاستڕۆ، زیندەوەرناس لە پەیمانگەی بایۆتەکنەلۆژیی مەکسیک دەڵێت ''ئەمە زۆر گرنگە. تاوەکو ئێستا، ئێمە ئەم ژەهرە دەمارییەمان لە 14 جۆری مارەکانی ڤایپەردا دەستنیشانکردووە. ئەمە بەتایبەتی بۆ پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی گرنگە، چونکە ئێستا دەزانن کە ئەم مارانە دەتوانن کاریگەریی ژەهراویی دەماری لەسەر نەخۆشەکان دروستبکەن''.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە کەمیی دژەژەهری مار دەدات و دەڵێت، ساڵانە 2.7 ملیۆن پێوەدراوی مار و 130 هەزار گیانلەدەستدان بەهۆیەوە تۆمار دەکرێن.
د. دەیڤد ویلیامز، شارەزای پێوەدانی مار لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی ''ئێمە هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر پرسی پەککەوتەبوون بەهۆی پێوەدانی مارەوە. ساڵانە نزیکەی 240,000 کەس بەهۆی پێوەدانی مارەوە تووشی ئیفلیجیی هەمیشەیی دەبن. زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەوانەش منداڵن''.
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە پێوەدانی مارەکان زیاد بوون و لە جیهاندا کارگەی تایبەت تەرخان کراوە بۆ بەرهەمهێنانی دژە ژەهری مار کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 50 کارگە.

.png&w=3840&q=75)

