رووداو - تەندروستی
یەک گۆڕانکاریی سادە لە خووەکانی نانخواردندا دەتوانێت کاریگەریی سەرسوڕهێنەر لەسەر جەستە و مێشک دروستبکات، مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی کەم بکاتەوە و مرۆڤ لە لەبیرچوونەوە بپارێزێت، هەروەها چێژی خواردن زیاتر بکات و رەنگە ببێتە هۆی تەمەندرێژی.
ئێمە باس لە رێژیمێکی نوێ ناکەین، بەڵکو باس لە یەکێک لە دابونەریتە دێرینەکانی مرۆڤایەتی دەکەین کە بەیەکەوە هاوبەشیکردنە لەکاتی ژەمە خۆراکییەکاندا. پڕۆفیسۆر د. جان-ئیمانوێل دی نیڤ، پسپۆڕی دەروونی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "هاوبەشیکردنی ژەمەکان رێگەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەستنەوە و دروستکردنی متمانە و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا"، ئەوەش کاریگەریی جیدی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ هەیە.
بەداخەوە، بەهۆی زیادبوونی گۆشەگیری لە جیهانی مۆدێرندا وایکردووە ئەم دابونەریتە تا دێت کەمتر بێت، بەڵام رەنگە پەیوەندیکردن بە کەسانی دیکە و سوودوەرگرتن لەم پەیوەندییە دێرینەی نێوان خواردن و هاوڕێیەتی، لەوە ئاسانتر بێت کە بیری لێدەکرێتەوە.
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە لە زانکۆی پێنسیلڤانیا کراوە، دەرکەوتووە؛ ئەوانەی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا خۆراک دەخۆن کەمتر تووشی خەمۆکی دەبن بەراورد بەوانەی بە تەنیا خۆراک دەخۆن.
لە ژاپۆنیش کار لەسەر ئەمە کراوە و توێژەران ئاشکرایان کردووە؛ ئەو کەسانەی بەردەوام بە تەنیا خۆراک دەخۆن (بە تەنیا ژەمە خۆراکییەکان دەخۆن) قەبارەی مێشکیان لەو ناوچە سەرەکییانەی پەیوەستن بە زانیاری و بیرکردنەوە کەم بووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش رۆڵیان لە تەندروستیی مێشکدا هەیە.


.png&w=3840&q=75)
