رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە سەنتەری بایۆمێدیکاڵی کامبریج لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی کردووە، گەشتوون بە دەرئەنجامێک ئەویش ئەوەیە کەمیی سەرنج و فرەجووڵە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان زیادی کردووە.
توێژەرانی ئەو سەنتەرە بەریتانییە زانیاری و داتای نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018 هێناوە کە پەیوەندی بە کەمیی سەرنج و فرەجووڵەییەوە هەبووە، ئەوەی تێبینیان کردووە، بەرزبوونەوەی دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەر بووە بۆ ئەم دۆخە، ئەوەی جێی سەرنج بوو ئەم بەرزبوونەوەیە لە هەموو تەمەنەکاندا بوو.
یەکێکی دیکە لە تێبینیەکانیان بریتیبوو لە زیادبوونی دەرکەوتنی ئەم دۆخە لە کچانی پێگەشتوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بۆیان دەرکەوت: رێژەی دەرکەوتنی کەمسەرنجیی و فرەجووڵەیی لە منداڵیدا بەم جۆرە بوو: بۆ هەر 4 منداڵێکی کور کە ئەم دۆخەی هەبوو بەرامبەر بە 1 منداڵی کچ بوو، بەڵام لە تەمەنی نەوجەوانی و پێگەیشتندا رێژەکە یەکسان بووەتەوە.
پرۆفیسۆر د. باربارا جاکلین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لەگەڵ ئەم زیادبوونە، وەرگرتنی چارەسەری ADHDیش زیادیکردووە.
لە بەریتانیا، رەچەتەکانی دەرمانی هاندەری سیستمی دەماریی ناوەندی (کە سەرەکیترین چارەسەرن) لەنێو پێگەیشتووانی 18 ساڵ و سەرووتر بە رێژەی 32٪ زیادی کردووە. لەنێو منداڵانی خوار 17 ساڵیش، رێژەکە بە بڕی 12٪ بەرز بووەتەوە.



