رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی دەروونی ئاشکرای دەکات، مەرج نییە هەموو فرەجووڵەییەک یاخود کەمیی سەرنجێک دۆخی ADHD بێت و دایک و باوکان دوودڵ بن لەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-8-2026 توانا ئەمین، چارەسەرکاری دەروونی لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات گوتی: کۆمەڵێک نیشانەی سەرەکی هەن کە دەبێت لە منداڵدا دەربکەون ئینجا بە ADHD هەژمار دەکرێت بەتایبەت نەمانی سەرنج و نەبوونی توانای سەرنج لە وانەکانی قوتابخانەی.
توانا ئەمین دەڵێت: پێویستە مامۆستای قوتابخانەکان رەچاوی دۆخی منداڵانی فرەجووڵەی کەمسەرنج ADHD بکەن، چونکە ئەوان ناتوانن 40 خولەک لەنێو پۆلدا بمێننەوە و ئاگایان لە وانەکان بێت.
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لە شێوازی وانەپێگوتندا منداڵانی ADHD جیاواز بن لە منداڵانی دیکە. تەنانەت پێشنیاز دەکات، لەلای چارەسەرکارانی دەروونی ئەو منداڵانە راهێنانیان پێبکرێت بۆ ئەوەی نیشانەکانیان کەمتر ببێتەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە.
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریخستووە، منداڵێک کە گرفتی فرەجووڵەیی و نەبوونی سەرنجی هەبێت، رەنگە ئەم نیشانانەی تێدا دەرکەوێت:
-لەبیرچوونەوە
-جووڵانی بەردەوام
-زۆر قسەکردنی
-خۆ خستنە مەترسیی بەبێ بیرکردنەوە
- نەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی


