رووداو - تەندروستی
دەرمانسازێک نامەی بۆ پەیجی رووداوی تەندروستی ناردووە و گلەیی ئەوەی کرووە، نرخی دەرمانێکی کۆمپانیای پایۆنیر لەوەتەی ستیکەری پێدراوە گرانتر بووە. بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیاکەش هاتە دەنگ و دەڵێت، نرخ لە هەموو پارێزگاکان وەکو یەکە و گران نەبووە.
دکتۆر سوورکێو سالار، پزیشکی دەرمانساز لە سلێمانی پەیجی رووداوی تەندروستی ئاگادار کردووەتەوە و گوتویەتی "پێشتر (پێش ئەوەی ستیکەر لە دەرمانەکان بدرێت) دەرمانی کۆمپانیای پایۆنیرم بە هەرزانتر بەدەستدەکەوت، بەڵام لەوکاتەوەی ستیکەریان لێدراوە، دەرمانەکانیش بە گران دەفرۆشرێن''. ئەو پزیشکە دەرمانسازە دەرمانی نۆڤۆمیت بە نموونە دەهێنێتەوە کە پێشتر بە نزیکەی 5 هەزار دینار فرۆشراوە، بەڵام ئێستا گرانتر بووە.
لە بەرامبەردا، د. شوان کەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کواڵیتیی کارگەی دەرمانی پایۆنیر لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە پابەندین بە کواڵیتیی بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، نرخی دەرمانی نۆڤۆمیت کە لە کارگەوە بۆ بریکارەکان دەچێت هەمان نرخە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت''.
نوێنەرێکی پزیشکی (مەندوب)ـی کۆمپانیای پایۆنیر بە رووداوی گوت، ''زۆربەی دەرمانخانەکان دەرمانی نۆڤۆمیت بە کەمتر لە نرخی سەر ستیکەر دەفرۆشن ئەمەش بەهۆی پێشكشێکردنی داشکاندنە لەلایەن بریکارەکانەوە بۆ دەرمانخانەکان؛ بۆیە هیچ کاتێک دەرمان بە گران نەفرۆشراوە''.
.png&w=3840&q=75)


