رووداو - تەندروستی
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونیی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە هەموو جیهاندا خەڵک باری دەروونییان لە قەیراندایە و ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کردنەوەی کلینیکی زۆری دەروونی و هۆشیاریی خەڵک، زیاتر و زووتر راوێژی دەروونی دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 1-9-2026 د. رەوشت رەشید، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونیی کوردستان لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: حکومەت، زانکۆکان و کۆمەڵەکان پێویستە دەرووندروستی بخەنە نێو پڕۆگرامی کارەکانیانەوە، تەنانەت لەسەر ئاستی خێزان و تاکیش بە گرنگی دەزانێت کە بایەخی پێبدرێت.
د. رەوشت رەشید بە پێویستی دەزانێت کە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی نوێ بکرێن بۆ هەڵسەنگاندنی باری دەروونیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: کۆتا راپرسی لەو بارەیەوە کرابێت، هی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بووە لە ساڵی 2007دا.
بەگوتەی د. رەوشت رەشید، لە ساڵانی 1995ـەوە تاوەکو 2026 ژمارەی پزیشکانی دەروونی زیادی کردووە، بەشێوەیەک کە لە سێ پزیشکی دەروونییەوە بووە بە سەروو 100 پزیشک کە پزیشکی پایەبڵند و پسپۆڕ دەگرێتەوە.
تەنانەت ئەوەشی باس کرد، تائێستا ''یاسای دەستووری دەرووندروستی'' نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئامانجی کۆمەڵەکە زیاتر زانستییە و رێکخستنی کۆنفڕانسی دەروونی یەکێکە لەکارە هەرە سەرەکییەکان.

.png&w=3840&q=75)
