رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی راوێژکاری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، رۆژ بە رۆژ لەبیرچوونەوە لە هەرێمی کودستان زیاد دەبێت و هۆشداریش لەبارەی چەند نیشانەیەک دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-9-2026 د. عەبدوڵڵا فەقێ، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: کەمبوونەوەی سەرنج یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی لەبیرچوونەوە و دیارترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەش ئەڵزهایمەرە.
هەندێک کەس تەنیا ناوی بیردەچێتەوە، هەندێکیش تەنیا ژمارە. د. عەبدوڵڵا فەقێ جیاوازیی ئەمە روون دەکاتەوە، ئەوە بەندە بەو ژینگەیەی کە کەسەکەی تێدایە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک کارەکەی ژمێریاری بێت، درەنگتر ژمارەی بیردەچێتەوە، بەڵام ئەگەر کەسێکی دیکە کارەکەی ئەوە بێت مامەڵەی زۆر لەگەڵ خەڵک بکات، ئەوا درەنگتر ناوی بیر دەچێتەوە.
د. عەبدوڵڵا فەقێ دەڵێت: کەمبوونەوەی سەرنج دەکرێت بەهۆی کەمخەوی، دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونییەوە دروستببێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەموو لەبیرچوونەوەیەک نەخۆشی نییە، تاوەکو تەمەنی 35 ساڵی یادگە بەهێزە و بەپێی بەساڵداچوون توانای یادگە و مێشک کەم دەبێتەوە (مەگەر ئەوانەی کار لەسەر یادگەیان دەکەن، درەنگتر ئەمەیان بەسەردا بێت).
ئەو بیرچوونەوەیەی کە بۆ شتانێکە کەسانی ئاسایی بیریان ناچێت و ناچێتە عەقڵەوە کە بیریان بچێتەوە، ئەمە نەخۆشییە.

