رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئیست ئەنگلیا لە بەریتانیا دەریخستووە، چارەسەری هۆڕمۆنیی جێگرەوە تەنیا نیشانەکانی سووڕی مانگانە کەم ناکاتەوە، بەڵکو ئەگەری لەبیرچوونەوەش کەم دەکاتەوە.
پرۆفیسۆر د.ئان ماری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەوەی دەرکەوتووە ئەوەیە ئەو خانمانەی چارەسەری جێگرەوەی هۆڕمۆن بەکاردەهێنن بە رێژەی 10٪ کەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە هەیە''.
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 180 هەزار خانم ئەنجامدراوە کە چارەسەری هۆڕمۆنیی جێگرەوەیان بەکارهێناوە، ئەو خانمانە بە رێژەی 16٪ کەمتر تووشی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر بوون، کە باوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە.
هەروەها لە توێژینەوە بەریتانیەکە ئەوەش دەرکەوتووە، ئەو خانمانەی بە شێوەیەکی سرووشتی بەرکەوتنیان لەگەڵ هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کەمتر بووە (بەهۆی درەنگ دەستپێکردنی سووڕی مانگانە یان زوو وەستانی)، زیاتر سوودیان لە چارەسەرەکە بینیوە.
چارەسەری هۆڕمۆنیی جێگرەوە ئەو خانمانە بەکاری دەهێنن کە بۆ هەمیشە سووڕی مانگانەیان وەستاوە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەستانی سووڕی مانگانە وەک گەرمداهاتنی جەستە و ئارەقەکردنەوەی شەوانە.

.jpeg&w=3840&q=75)
