رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی میامی لە ئەمریکا ئەنجامدرا و دەریخستووە، رۆژانە خواردنەوەی تەنیا یەک پەرداخ کحول ئەگەری مردن بە چەندین جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات، لەوانەش شێرپەنجەکانی مەمک، پرۆستات، کۆڵۆن، گەدە، پەنکریاس، جگەر، سەر و مل.
د. چینمەی جانی، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت، "بۆمان دەرکەوت رێژەی ئەو مردنانەی بەهۆی شێرپەنجەوەن و پەیوەندییان بە خواردنەوەی کحولەوە هەیە، لە 33 ساڵی رابردوودا دوو هێندە بووە''.
د. ئاندرو فریمان، پزیشکی پسپۆڕی دڵ، هۆشداری دەدات و دەڵێت:زانستی نوێ دەریخستووە کە هیچ بڕێکی سەلامەت بۆ خواردنەوەی کحول نییە.
بەپێی توێژینەوەکە، خواردنەوەی بڕێکی کەمیش، وەک یەک پەرداخی ستاندارد لە رۆژێکدا، مەترسییەکە زیاد دەکات. کحول لە جگەردا دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی "ئەسیتالدەهید" کە ئەگەری هەیە زیان بە DNA بگەیەنێت و ببێتە هۆی شێرپەنجە. هەروەها خانەکانی ناو دەم و گەروو لاواز دەکات و وایان لێدەکات هەستیارتر بن بۆ ماددە شێرپەنجەییەکان.


.webp&w=3840&q=75)
