رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد ئەنجامدراوە و دەریخستووە، ئەو پیاوانەی شێرپەنجەی پڕۆستاتیان هەیە و چەوریی رووەکیی زیاتر دەخۆن، تەمەنیان درێژتر دەبێت.
توێژینەوەکە، بۆماوەی نزیکەی 13 ساڵ چاودێریی نزیکەی پێنج هەزار پیاوی تووشبوو بە شێرپەنجەی پڕۆستاتی کردووە. دەرکەوتووە؛ ئەو پیاوانەی بڕێکی زۆر چەوریی تێر و چەوریی ئاژەڵییان خواردووە، زیاتر رووبەڕووی مردن بوونەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە.
پڕۆفیسۆر د. لۆرێلای موچی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: گۆڕینی نزیکەی 10٪ی کالۆریی رۆژانە لە چەوریی ئاژەڵییەوە بۆ چەوریی رووەکی، رێژەی مردنی بە رێژەی 16٪ کەم کردووەتەوە. هەروەها، گۆڕینی نزیکەی 5٪ی کالۆریی رۆژانە لە چەوریی تێرەوە بۆ چەوریی تاک-تێرنەکراو، رێژەی مردنی بە رێژەی 20٪ کەم کردووەتەوە.
لەکۆتایدا توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوە دەکەن، جۆر و سەرچاوەی چەوریی گرنگە، لەبری خۆراکی پڕ لە چەوریی ئاژەڵی، زیاتر بایەخ بە زەیتی زەیتوون، گوێز، تۆوەکان، ئاڤۆکادۆ و خۆراکە رووەکییەکانی دیکە بدرێت.


.webp&w=3840&q=75)
