رووداو - تەندروستی
پزیشکانی مایۆکلینیک لە ئەمریکا هۆشداری دەدەن، سڕبوون یان مێروولەکردنی دەست و پێ ئاسایی نییە و پێویستە هۆکارەکەی بزاندرێت.
تیمی پسپۆڕیی پزیشکانی مێشک و دەمار لە مایۆکلینیک دەریخستووە، بە گشتی سڕبوون و هەستی مێروولەکردن لە بەشێکی جەستەدا نیشانەیەکە دەریدەخات کێشەیەک یان گوشارێک لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە، یان دەمارێکی دیاریکراو لە جەستەدا بریندار بووە، یان کێشەیەک لە مێشک و بڕبڕەی پشتدا هەیە کە رێگری لە گەیاندنی دروستی ئاماژە دەمارییەکان دەکات.
پزیشکانی مایۆکلینیک روونی دەکەنەوە، سڕبوونی کاتی زۆرجار بەهۆی دانیشتن یان خەوتن لەسەر دەست و قاچ بە شێوازێکی هەڵە دروستدەبێت کە شتێکی ئاساییە و بە گۆڕینی دۆخی جەستە یان جووڵە لە چەند خولەکێکدا تێدەپەڕێت و هیچ مەترسییەکی نییە.
بەڵام ئەگەر ئەم نیشانانە هەبوون ئەوا پێویستە پزیشك ببیندرێت؛
- سڕبوون یان بێهێزیی لەناکاوی نیوەی رووخسار، دەست یان قاچ، بە یەکێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی جەڵتەی مێشک دادەنرێت.
-هەستکردن بە مێروولەکردن یان سڕبوونێکی بەردەوام بۆ ماوەی چەند رۆژ یان هەفتەیەک بمێنێتەوە و لە دەست یان قاچدا بڵاو ببێتەوە.
- لاوازیی ماسوولکەکان لەگەڵ سڕبووندا، لەوانەیە توانای گرتنی شتەکانت کەم ببێتەوە یان لەکاتی رۆیشتندا قاچەکانت قورس بن.
- سڕبوونی پەیوەندیدار بە ئازاری تووندی پشت و مل یان بڵاوبوونەوەی بۆ پەنجەکان، لەوانەیە نیشانەی گوشار بێت لەسەر دەماری بڕبڕە.


.webp&w=3840&q=75)
