رووداو - تەندروستی
جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، چاودێریی ورد لەسەر ئارایشتگەکان هەیە بەتایبەت بۆ جێبەجێکردنی پاکوخاوێنی و رێنوێنییەکانی تەندروستی.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-9-2026 دکتۆر شاسوار عەلی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، بەکارهێنانی لەیزەر یاخود کردنی فیلەر و بۆتۆکس لەنێو ئارایشتگەکان قەدەخەیە و بە هیچ جۆرێک رێگەیان پێ نادرێت.
بۆ ئەمەش روونی دەکاتەوە کە هەفتانە 3 بۆ 4 ئارایشتگە بەهۆی فیلەر و بۆتۆکسەوە سزا دەدرێن و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هەر کەسێک ئەو دیاردەیە دەبینێت لەنێو ئارایشتگەکاندا، ئاگاداریان بکاتەوە.
لەبارەی کریاتین و پڕۆتینەوە بۆ جوانکاریی قژ دکتۆر شاسوار عەلی گوتی، بەرکارهێنانیان رێگەپێدراون، بەڵام پێویستە بەپێی مەرجەکانی تەندروستی بەکاربێن، بەتایبەت بۆ خانمانی دووگیان.
ئەو باسی مەرجەکان دەکات کە پێویستە لەنێو ئارایشتگەدا هەبن وەکو لێکۆڵینەوە لە (هەواکێش، پاکوخاوێنی، شووشتنی کەلوپەلەکان و پشکنینی تەندروستیی کارمەندەکان بەتایبەت ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر).
لەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراسدا، د. بنار ئەترووشی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایگەیاند، ئەو مادانەی وەک کریاتین و پڕۆتین بۆ خاوکردنەوەی قژ بەکاردەهێندرێن، گازێک بەناوی "فۆرمئەڵدیهاید" دروستدەکەن کە لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە قەدەخەکراوە و زیان بە قژ دەگەیێنێت.



