رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلە رایدەگەیێنێت، بەردی گورچیلە لەو کەسانەدا باوە کە شەکرە و بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، بۆ ئەمەش پێشنیاز دەکات کە ئەو تووشبووانە زوو زوو پشکنینی گورچیلەکانیان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-9-2026 د. سەهەند هەمزە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، پڕۆتین و کریاتین پێویستن بۆ جەستە و ئەگەر بە بڕی گونجاو بخورێن، ئاساییە بەڵام ئەگەر زیادەڕۆیی تێدا بکرێت زیانی بۆ گورچیلەکان دەبێت کە یەکێکیان بەردی گورچیلەیە.
د. سەهەند هەمزە لەبارەی خواردنەوەی ئاوەوە گوتی: هەموو جۆرەکانی سوود بە گورچیلە دەگەیێنێت، تەنیا مەرج ئەوەیە کە پاک بێت و بە بڕی پێویست بیخواتەوە.
ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، بۆ رێگری لە دروستبوونەوەی بەردی گورچیلە، شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکرێت بەتایبەت بایەخدان بە ئاوخواردنەوەی پێویست.


