رووداو - تەندروستی
پزیشکانی ئیتاڵی روونی دەکەنەوە، مانەوەی زۆر لەنێو گەرماوی ساونا دەشێت بۆ پیاوان مەترسییەکی کاتی هەبێت، چونکە دەشێت توانای زایەندییان لاواز بکات.
د. ئاندریە گارۆلا، توێژەری سەرەکی لە زانکۆی پادۆڤی ئیتاڵیا لەگەڵ هاوکارانی توێژینەوەیەکیان لەسەر چەند پیاوێکی خۆبەخش ئەنجامدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەفتانە دوو جار چوونە سونا و لە هەر جارێکدا، بۆماوەی 15 خولەک لە پلەی گەرمی نێوان 80 بۆ 90ی سیلیزیدا مانەوە.
پزیشکانی پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ لە ئیتاڵیا چاودێریی گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمای جەستە و کواڵیتیی سپێرمی ئەو پیاوانەیان کردووە کە کاتی خۆیان لە گەرماوی ساونادا بەسەر بردووە و دەڵێن، ''پلەی گەرمای بەرز لە ساونادا کاریگەرییەکی کاتی لەسەر جووڵە و خەستیی سپێرم دەبێت، چونکە بۆ بەرهەمهێنانی سپێرمی تەندروست پێویست بە پلەی گەرمایەکی کەمتر لە پلەی ئاسایی جەستە هەیە''.
د. ئاندریە گارۆلا دەڵێت: پێویستە لە ساونادا گونەکان بەر پلەی گەرمیی زۆر نەکەون و هاوسەنگی هەبێت لەو کارەدا، چونکە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گونەکان، توانای دروستکردنی سپێرم و کواڵیتیەکەی تێکدەچێت و پێویستە لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوی سارددا هاوسەنگی بپارێزێت.
بە گوتەی پسپۆڕانی کلیڤلاندی پزیشکی، پیاوان پێویست ناکات بە تەواوی واز لە ساونا یان جاکوزی بهێنن، بەڵام گرنگە هاوسەنگی و مامناوەندی رابگرن بۆ پاراستنی تەندروستییان. هەروەها دوای بەکارهێنانی ساونای گەرم، باشترە رێگە بدەن جەستەیان بە شێوەیەکی سرووشتی پلەی گەرمییەکەی رێک بخاتەوە و خۆیان لە بەرکەوتنی سەرمای تووند یان ئاوی سەهۆڵاوی بەدوور بگرن.



