رووداو – تەندروستی
توێژینەوەیەک لە کەنەدا دەریدەخات، بەکارهێنانی دەرزیی کیتامین بژاردەیەکی کاریگەر و سەلامەتە بۆ کەمکردنی نیشانەکانی خەمۆکیی دووجەمسەری کە بەرگرییان بۆ دەرمانەکانی دیکە هەیە.
د. جۆشوا رۆزنبڵات، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر کاریگەریی دەرزیی کیتامین ئەنجامدا لەسەر 68 نەخۆشی پێگەیشتوو بە تەمەنی نێوان 21 بۆ 65 ساڵ، ئەو دەڵێت: ئەو بەشداربووانەی لەماوەی دوو هەفتەدا چوار دەرزیی کیتامینیان وەرگرتبوو، رێژەی خەمۆکییان کەمتر بووبووەوە بەراورد بەوانەی دەرزییەکەیان وەرنەگرتبوو.
ئەو توێژەرە ئاماژە بەوەش دەکات، دەرزیی کیتامین بۆ ئەو نەخۆشانەی دووجەمسەری پێویستن کە بەرگرییان بەرامبەر بە دەرمانەکانی دیکەی نەخۆشیی دووجەمسەری پەیدا کردووە و ئیدی کاریگەرییان نەماوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەیان.
بەپێی کلیڤلاندی پزیشکی، خەمۆکیی دووجەمسەری نەخۆشییەکی دەروونییە کە تێیدا باری دەروونیی کەسەکە لەنێوان خەمۆکیی قورس و قۆناخێکی چالاکیی زۆردا دەگۆڕێت. بۆ چارەسەرکردنی جۆرە سەختەکانی ئەم نەخۆشییە کە بەرگرییان بەرانبەر دەرمانە ئاساییەکان هەیە، پزیشکان روویان لەڕێگەی نوێ وەک دەرزیی کیتامین کردووە.



