رووداو - تەندروستی
دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەرەو نەمان دەچێت و هاونیشتمانییان لە دەرمانخانەکانیش دەستیان ناکەوێت، تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت: بەهۆی نەبوونی پارەوە ناتوانین دەرمان بکڕین و "دۆخەکە زۆر خراپە".
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رۆژی چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026 بە رووداوی راگەیاند: بەشێکی زۆر لەو دەرمانانەی ئێستا لە سلێمانیدا نەماون یان کەمبوونەتەوە، لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆمان دابیندەکرێت، ماوەی دوو هەفتەش هیچ بڕێکمان لەلایەن بەغداوە بە دەست نەگەیشتووە و خۆشمان ناتوانین بیکڕین.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی گوتی، "کێشەکە تەنیا سلێمانی نییە بۆ نموونە؛ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆکیش کێشەی کەمیی دەرمانی هەبوو ناچار بوون دەرمان بکڕن، بەڵام ئێمە پارەمان لەبەردەست نییە و توانای کڕینی دەرمانمان نییە''.
سەبارەت بە هۆکاری نەمانی دەرمان، د.هێرش سەید سەلیم روونی کردەوە، "هۆکاری سەرەکی نەمانی دەرمان پەیوەستە بە نەبوونی پارە لە بانکەکان، بەو پێیەی کۆمپانیاکانی دەرمان هێشتا قەرزە کۆنەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین دەرمانی تازە بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی بکڕن''.
جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەشکرد، "کۆگەی کۆمپانیاکان پڕن لە دەرمان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەترسن لەوەی ئەگەر دەرمان دابنیبکەن پارەیان وەرنەگرنەوە و بفەوتێت''.
بەشێک لەو دەرمانانەی لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی نەماون، (دەرزی بڕین و کوتانەکانە)، هاونیشتمانییان لە دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەتیشدا دەستیان ناکەوێت، هێرش سەید سەلیم دەڵێت: تەندروستیی سلێمانی بۆ دەرزیی بڕین و کوتانەکان بەتەواوەتی پشت بە بەغدا دەبەستێت و ئەوان دابینیدەکەن، بەڵام ئێستا بڕەکەیان کەم کردووەتەوە و کاتێک دێتە نەخۆشخانەکان بەشی هەفتەیەک ناکات.
هێرش سەید سەلیم هۆشداریی دا و رایگەیاند: دۆخی دەرمان لە سلێمانی زۆر خراپە و بەرەو خراپتریش دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ بانکەکانی سلێمانی و بانکی هەرێم لەسەر هێڵین، ناو بە ناو بڕێک پارە خەرج دەکرێت بەڵام ئەو بڕە پێویستییەکانمان پڕ ناکاتەوە.
.png&w=3840&q=75)

