رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی مایۆکلینیک، هۆشداری لە بەکارهێنانی ناتەندروستی بیستۆک (هێدفۆن) دەدەن و دەڵێن، زیانی مەترسیدار و هەمیشەیی بە گوێ و توانای بیستن دەگەیێنێت، زیانی بیستۆک (هێدفۆن) بۆ سەر گوێ، پشت بە دوو هۆکاری سەرەکی دەبەستێت ئەوانیش ماوەی بەکارهێنان و بەرزیی ئاستی دەنگەکەی.
د. گرێتا ستەمپەر، پزیشکی پسپۆڕی بیستن لە مایۆکلینیک رایگەیاند، "بەکارهێنانی بیستۆک بە دەنگێکی زۆر بەرز یان بۆ ماوەیەکی درێژ، خانە هەستیارەکانی ناوەوەی گوێ تێکدەشکێنێت و لەناویان دەبات."
ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەشڵێت، بەرزکردنەوەی دەنگی میوزیک و یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە رێگەی بیستۆکەوە، دەبێتە هۆی کێشەی گەورەی تەندروستی و لەدەستدانی توانای بیستن.
بەپێی مایۆکلینیک، زیانەکانی بەکارهێنانی ناتەندروستیی بیستۆک بریتین لە:
- لاوازبوونی خانە دەمارییەکانی بیستن و کەمبوونەوەی توانای بیستنی دەنگە بەرز و نزمەکان.
- دروستبوونی زەنگدانەوەی بەردەوام لە گوێدا کە دەبێتە هۆی بێزاریی دەروونی.
- قورسبوونی تێگەیشتن لە قسەی چواردەور و تێکچوونی توانای گشتیی بیستن.
- هەوکردنی گوێ بەهۆی بەکتریاوە، ئەگەر بیستۆکی نێوگوێ بە پاکی بەکارنەهێنرێت.
رێنوێنییەکانی مایۆکلینیک بۆ پاراستنی بیستن:
پەیڕەوکردنی یاسای 60/60ی گوێگرتن لە دەنگ بە رێژەی 60٪ـی ئاستی دەنگەکە و بۆ ماوەیەک کە لە 60 خولەک زیاتر نەبێت، دواتر پشوو بە گوێیەکانت بدە.
بەکارهێنانی بیستۆکی سەرگوێ باشترە لەبریی بیستۆکی ناو گوێ، چونکە راستەوخۆ ناچێتە ناو کەناڵی گوێ و پەستانی کەمترە.
چالاککردنی سنووردارکەری دەنگ لە رێگەی رێکخستنەکانی مۆبایلەکەتەوە، سنوورێک بۆ بەرزترین ئاستی دەنگی بیستۆکەکە دابنێ.
کڕینی بیستۆکی دژە ژاوەژاو ئەم جۆرە بیستۆکانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی لە شوێنی قەرەباڵخدا، ناچار نەبیت دەنگەکەی زیاد بکەیت.
.png&w=3840&q=75)

