رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی سلێمانی دەریدەخات، کێشەی کۆنتڕۆڵنەکردنی میز نەک تەنیا کێشەیەکی جەستەییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی شێوازی ژیان و بێزاریی و وەڕەسیی دەروونی و کۆمەڵایەتی.
توێژینەوەکە نامەی ماستەرنامەیەک بووە و لەسەر 103 خانمی تووشبووی کێشەکانی میزڕانەگرتن کراوە، پشکنینی میزڵدانیان بۆ کرا و دەرکەوت، زۆرینەی تووشبووان لە تەمەنی 40 بۆ 60 ساڵیدا بوون و ئەو دۆخەیان کێشەی جەستەیی، کۆمەڵایەتی و دەروونییان بۆ دروستکردبوو.
چنوور تاڵیب، توێژەر و پەرستاری نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، میزەچۆڕکێی گوشار کواڵیتیی ژیانکردنی خانمانی تێکداوە بەتایبەت دوای تەمەنی 40 ساڵی.
ئەوەش روون دەکاتەوە کە خانمانی تووشبوو لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەیانتوانیوە زۆر بچنە نێو دانیشتنەکانەوە و تێکەڵاو بە خەڵک ببن؛ لەڕووی جەستییشەوە نەیانتوانیوە وەرزش و راهێنانی جەستەیی بکەن و کەلوپەلی قورس هەڵبگرن تەنانەت کارکردنی رۆژانەی ماڵیشیان بە باشی نەکردووە بەهۆی خۆچەماندنەوە و سەرکەوتن بە پلیکانە؛ لەڕووی دەروونیشەوە متمانەبەخۆبوونیان کەم بووەتەوە و دڵتەنگیان زیادی کردووە، چونکە هەمیشە هەستیان بە شەرم کردووە.
د. نیان حەکیم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ ئەوەی بە رووداو گوت ''خانمان بەهۆی قەڵەوی و کەمیی چالاکیی جەستییەوە زیاتر تووشی میزەچۆڕكێی گوشار دەبن، زۆرینەشیان بەهۆی لاوازیی ماسوولکەکانی حەوزیانەوە تووشبوون''.
هەر بۆیە لە توێژینەوەکەدا چەند رێگەیەک بۆ رێگریکردن لەو دۆخە خراوەتەڕوو وەکو؛
- هۆشیارکردنەوەی تاکەکان لەبارەی زوودەستنیشانکردنی میزەچۆڕكێ و مامەڵەکردن لەگەڵ کەمکردنەوەی.
- هاندانی هاونیشتمانییان بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست بەتایبەت کێشڕێکی و رێگری لە تووشبوون بە کۆکە و قەبزی.
- بەهێزکردنی ماسوولکەکانی حەوز و رانەکان بە راهێنانی کیگڵ Kegel exercises.
میزەچۆڕکێی گوشار (میزڕانەگرتن بەهۆی گوشار) دۆخێکە کە کەسی تووشبوو بەهۆی بەرزبوونەوەی گوشاری سک لەکاتی (پژمین، کۆکە و وەرزش) تووشی دەبێت و خۆنەویستانە ناتوانێت میزەکە رابگرێت. لە جیهاندا 200 ملیۆن کەس ئەم کێشەیەیان هەیە و خانمان شەش هێندەی پیاوان تووشی دەبن.


.png&w=3840&q=75)
