رووداو - تەندروستی
بەپێی نوێترین ئاماری حکومەتی ژاپۆن، ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان 100 ساڵ و سەرووترە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
وەزارەتی تەندروستی و خۆشگوزەرانیی ژاپۆن رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 107 هەزار کەسی سەروو تەمەن 100 ساڵ لە وڵاتەکەدا هەن، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 8 هەزار کەس زیادی کردووە. نزیکەی 88%ی ئەو کەسانەش خانمن.
بەپێی ئامارەکە، بە تەمەنترین خانمی ژاپۆنی تەمەنی 114 ساڵە، هەروەها بەتەمەنترین پیاوی ژاپۆنیش تەمەنی 112 ساڵە.
کێنچیرۆ ئوێنۆ، وەزیری تەندروستیی ژاپۆن، رایگەیاند، "زۆر دڵخۆشم کە خەڵکێکی زۆر بە تەندروستی و چالاکییەوە ژیانێکی درێژ دەژین،" ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پزیشکی، شێوازی ژیانی تەندروست و خۆراکی باش هۆکاری ئەم دیاردەیەن.
هاوکات، وەزیری تەندروستیی ژاپۆن جەختی لە گرنگیی پاراستنی سیستمێکی بەردەوامی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کردەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی پیربوون و کەمبوونەوەی دانیشتووان.
بەپێی پێشبینییەکان، ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن تاوەکو ساڵی 2070 بۆ 87 ملیۆن کەس دادەبەزێت و نزیکەی 40%یان تەمەنیان لەسەروو 65 ساڵەوە دەبێت.


.png&w=3840&q=75)
