رووداو - تەندروستی
لەنێو توێژینەوەیەکی درێژخایەندا لە ژاپۆن، خوێنبەربوونی پووک بە مەترسییەکی زۆر زیاتری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە بەستراوەتەوە.
هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن، لەدەستدانی ددانەکان دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک یان تێکچوونە دەمارییەکانی وەکو ئەڵزهایمەر زیاد بکات کە باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە.
ئێستا، شیکارییەکی نوێ ئەو بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات کە رەنگە هۆکاری نەخۆشییەکە لەنێو دەمەوە سەرچاوە بگرێت و ئەنجامەکان لە گۆڤاری The Journal of Clinical Periodontology بڵاو کراونەتەوە.
توێژەران، بۆ ماوەی دەیەیەک چاودێریی تەندروستیی دەم و ددان و باری دەماریی نزیکەی هەزار و 400 کەسی پێگەیشتوویان لە ژاپۆن کردووە و دەرکەوتووە؛ ئەوانەی زۆرترین خوێنبەربوونی پووکیان هەبووە، ئەگەری تووشبوونیان بە هەموو جۆرەکانی لەبیرچوونەوە لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 56٪ زیاتر بووە کە 61٪ـیان تووشی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر بوون.
میچیکۆ فورتوا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەم توێژینەوە درێژخایەنە دەرخەری ئەوەیە، چەند تەندروستیی پووک و ددانەکان باشتر بن، تەندروستیی مێشکیش باشتر دەبێت.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەڵزهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەنی دەردەکەون.
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاد دەکەن؛
- قەڵەوی
- لاوازیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- بەساڵداچوون
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- نەخۆشیی شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
- خواردنەوەی کحول
- گوشاری دەروونی

.png&w=3840&q=75)
