رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی ناوەندی نیشتمانی بۆ ئامارە تەندروستییەکان (NCHS)ی سەربە سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، نزیکەی 3 لە کۆی 4 کەسی پێگەیشتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باسیان لەوە کردووە کە هەست بە ماندووبوون دەکەن، زیاتر لە 75٪ی هاووڵاتییانی ئەمریکا بەدەست ماندووییەتی بەردەوام و شەکەتییەوە دەناڵێنن.
توێژینەوەکە هەڵسەنگاندنی بۆ داتای هەزاران بەشداربوو کردووە و دەرکەوتووە؛ بەکارهێنانی بەردەوامی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان، نامە و ئیمەیڵەکانی کار تا درەنگانی شەو و نەمانی سنوور لەنێوان ژیانی تایبەتی و کاردا، کواڵیتیی خەویان زۆر دابەزاندووە و مێشکیان ماندوو دەکات.
د. جێسیکا گرەی، پسپۆڕی پزیشکی خێزان دەڵێت: ماندووبوونی بەردەوام تەنها هەستکردنێکی سادە نییە بە ماندووێتی، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر توانای مێشک و جەستە هەیە.
هەروەها د. ئیمیلی توچمان، پسپۆڕی تەندروستی گشتیی لەوبارەیەوە دەڵێت: کارکردنی بەردەوام و سەرنجدانی بەردەوامی نامەکانی کار مێشک شەکەت دەکەن بە تایبەت لە شەودا، بۆیە پێشنیار دەکەم خەڵک پێش خەوتن لە شاشەکان دووربکەونەوە.
لە کۆتاییدا توێژەرانی ناوەندەکە ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە لەبری ئەوەی ماندووبوونی بەردەوام وەک بارودۆخێکی ئاسایی سەیر بکرێت، بایەخی زیاتر بە تەندروستیی مێشک و پشوو بدرێت و سنوورێک بۆ کارەکانی رۆژانە دابنرێت.



