رووداو - تەندروستی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، پزیشکان لە ئەمریکا رێنوێنی نوێیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکانی ئەنفلەوەنزا، کۆڤید-19 و ڤایرۆسی دەردەسەرما (RSV) بۆ وەرزی 2024-2025 بڵاوکردەوە.
چوار رێکخراوی گەورەی پزیشکیی ئەمریکی، لەنێویاندا کۆمەڵەی ئەمریکیی پزیشکانی منداڵان، رێنوێنییەکانیان بەم شێوەیە بوون؛
- ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا: لە منداڵانی شەش مانگ بەرەو سەرەوە ئاساییە لێبدرێت و ئەوانەشی تەمەنیان سەروو 65 ساڵە، باشترە جۆرە بەهێزکراوەکەی وەربگرن.
- ڤاکسینی کۆڤید-19: بۆ هەموو ئەوانەی سەروو 19 ساڵن یان ئەو منداڵانەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە هەیە، هەروەها بۆ خانمانی دووگیان و کەسانی سەروو 65 ساڵ پێشنیاز دەکرێت کە دوو ژەم وەربگرن.
ڤایرۆسی دەردەسەرما (RSV): بۆ ئەوانەی سەروو 75 ساڵن و ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 74 ساڵە یاخود ئەوانەی مەترسییان لەسەرە پێشنیاز دەکرێت، هەروەها بۆ پاراستنی کۆرپە و بۆ خانمانی دووگیان و منداڵانی خوار 8 مانگ بەسوودە.
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە وەرگرتنی زووتری ڤاکسینەکان، بەتایبەت بۆ منداڵان و بەساڵاچووان، گرنگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.



