رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات نزیکەی 1 لە 3 خانمانی تەمەن 21 بۆ 29 ساڵ تاوەکو ساڵی 2023 هەرگیز پشکنینی شێرپەنجەی ملی منداڵدانیان نەکردووە.
توێژینەوەکە لە سەنتەری سانت جۆنز لە ئەمریکا کراوە کە پشتی بە ئاماری نیشتمانیی تەندروستی لە لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2023 بەستووە، دەرکەوتووە رێژەی ئەو خانمە گەنجانەی کە هەرگیز پشکنینیان نەکردووە لە 12.5%ـی ساڵی 2005ـەوە بۆ 31.9% لە ساڵی 2023 بەرزبووەتەوە.
هاوکات، توێژەرانی سەنتەرە ئەمریکییەکە بۆیان دەرکەوتووە کە لە دوای ساڵی 2017ـەوە، تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە قۆناخە درەنگەکاندا ساڵانە بە رێژەی زیاتر لە 2% زیادی کردووە.
شێری رۆس، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت، "پشکنینی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەتوانێت گۆڕانکارییە پێشوەختەکانی خانە شێرپەنجەییەکان دەستنیشان بکات پێش ئەوەی پەرەبستێنن و ببنە شێرپەنجە، زیاتر لە 9 لە 10 حاڵەتی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بەهۆی ڤایرۆسی HPVـیەوە روودەدەن."
کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS) پێشنیاز دەکات خانمان لە تەمەنی 25 ساڵییەوە دەست بە پشکنینی بەردەوام بکەن تاوەکو تەمەنی 65 ساڵی، پشکنینی بەردەوام تەنانەت ئەگەر ڤاکسینی HPVـیشت وەرگرتبێت، هێشتا پێویستە.



