رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە پەیمانگەی نوێبوونەوەی لەندەن دەریخستووە، ئەو کەسانەی کێشەی خەوتنیان هەیە، لەوانەیە میلاتۆنین یان مەگنیسیۆم بەکاربهێنن، بەڵام کامیان باشترە؟
د. شەبنەم ئونلوئیشلەر، ئەندازیاری بۆماوەیی لە پەیمانگەی نوێبوونەوەی لەندەن دەڵێت، "میلاتۆنین و مەگنیسیۆم بە شێوازی زۆر جیاواز کار دەکەن''.
میلاتۆنین هۆڕمۆنێکە یارمەتیی رێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستە دەدات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کاتی خەوتن هاتووە، بۆیە زیاتر بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە کێشەی کاتی خەوتنیان هەیە، وەک دواکەوتنی خەو بەهۆی گەشتی فڕۆکە یان کارکردن بە شەوان.
د. شەبنەم ئونلوئیشلەر دەشڵێت: مەگنیسیۆم، زۆرجار بۆ بەهێزکردنی جەستە بەکاردێت، وەک تەواوکەرێکی خۆراکی بۆ خەویش ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام مەگنیسیۆم دەتوانێت ببێتە هۆی کاریگەریی لاوەکی لەسەر کۆئەندامی هەرس و پێویستە ئەو کەسانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە، بە وریاییەوە بەکاریبهێنن.
د. ئۆپڵ بەیکەر، لە کلینیکی مەیفیڵد لە بەریتانیا دەڵێت، "مەگنیسیۆم هۆڕمۆنی خەو نییە و کاریگەرییەکانی لەسەر خەو بە گشتی کەمترە."
سەبارەت بەوەی کێ زیاتر سوود لە مەگنیسیۆم وەردەگرێت و کێ لە میلاتۆنین، د. ئۆپڵ بەیکەر روونی کردەوە، "مەگنیسیۆم لەوانەیە بۆ کەسێک باشتر بێت کە سیستمی خۆراکییەکەی کەمیی مەگنیسیۆمی هەیە، یان گرژبوونی ماسوولکەکان کاریگەریی لەسەر خەوی کردووە''.



