رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری رایدەگەیێنێت، کیسێکی گەورەی 5 بۆ 6 سانتیمەتری لە هێلکەدانی کچێکی 14 ساڵ دەرهێنرا کە نیشانەیەکی باوی هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-9-2026 د. تارا خەسرۆ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی کچەکە بەهۆی سکئێشەی تووندەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، پشکنینی بۆ کرا و دەرکەوت؛ کیسێکی 5 بۆ 6 سانتیمەتری لە هێلکەدانیدا هەیە و دەستبەجێ بڕیاری نەشتەرگەری درا.
د. تارا خەسرۆ دەڵێت: گرێیەکە سووڕابوو و ئەگەر زوو نەهێندرایەتە نەخۆشخانە، ئەوا دەبوو لابردنی هێلکەدانی بۆ بکەین، بەڵام ئێستا هێلکەدانەکان پارێزران.
ئەو پزیشکە ئەوەشی باس کرد کە پاراستنی هێلکەدانەکان لەو تەمەنە گەنجییەی خانماندا کارێکی هەرە گرنگە، چونکە رۆڵیان هەیە لە گەشەی کچەکە و بەردەوامیی سووڕی مانگانە و توانای وەچەخستنەوەی.
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)