رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی ئەمریکیی بەساڵاچووان ئاشکرای دەکات، بۆ پێشبینی تەندروستیی ئەوانەی سەروو 65 ساڵن پێویستە جگە لە هاوکۆلکەی بارستایی جەستە BMI، بایەخ بە پێوانەکردنی چێوەی کەمەریشیان بدرێت.
توێژینەوەیەکی گۆڤاری کۆمەڵەی ئەمریکیی بەساڵاچووان ئاشکرای دەکات، ئەو بەساڵاچووانەی چێوەی کەمەریان زیادە لە ئاستی ئاسایی، 24٪ ئەگەری مردنیان بە نەخۆشی زۆرە بەراورد بەوانەی چێوەی کەمەریان ئاساییە، بەڵام ئەمە لە هاوکۆلکەی بارستایی جەستە (BMI) پێچەوانە بوو.
پێوانەی بەرزی کەمەر زۆرجار ئاماژەیە بۆ چەوریی زیانبەخشی جەستە لە دەوروبەری گورچیلەکان، جگەر، دڵ، پەنکریاس و ئەندامەکانی هەرس؛ توێژینەوەکە زانیارییەکانی شەش هەزار و 905 کەست لەخۆگرتبوو کە تەمەنیان 65 ساڵ و سەرووتر بووە لەماوەی 13 ساڵدا ئەنجامەکان ئاشکرایان کرد، تەنیا هاوکۆلکەی بارستایی جەستە BMI مەرج نییە پێوەر بێت بۆ مەترسیی نەخۆشییەکان و مردن، بەڵکو دەشێت چێوەی کەمەریش وەربگیرێت.
پسپۆڕان هۆکاری بەراوردکاری لەنێوان هاوکۆلکەی بارستایی جەستە و چێوەی کەمەر بۆ ئەوەی دەگەڕێننەوە کە رەنگە کەسێک زۆر تەندروست بێت بەڵام BMIـیەکەی زیاد بێت، ئەویش لەبەر ئەوەی باڵای کورتە، ماسوولکەکانی گەورەن و چڕی ئێسکیشی زۆرە.
د. میر عەلی، بەڕێوەبەری ناوەندێکی کێشڕێکییە لە ئەمریکا و دەڵێت "ماوەیەکی زۆرە دان بەوەدا نراوە کە BMI پێوەرێکی نموونەیی نییە و چێوەی فراوانی کەمەر بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ قەڵەویی بەشی سەرەوەی جەستە کە پێشبینیکەرێکی باشتری مەترسیی مردنە''.
چێوەی کەمەر چۆن دەپێورێت؟
چێوەی کەمەر بە پێوانی ناوقەد لەنێوان پەراسووی خوارەوە و بەشی سەرەوەی ئێسکی کەلەکە، کە دەکەوێتە سەرەوەی سمت، دیاری دەکرێت.
چێوەی بەرزی کەمەر واتە زیاتر بێت لە 101 سانتیمەتر بۆ پیاوان و 89 سانتیمەتر بۆ خانمان.
چۆن دەزانیت کە قەڵەوی؟
- هاوکۆلکەی بارستایی جەستە بۆ پێوانی قەڵەوی بەکاردێت و پێوانەی قەبارەی جەستەیە بەراوردی کێش و باڵا دەکات.
- پێوانەکردنەکەش لەرێگەی دابەشکردنی (کێش بە کیلۆگرام) بەسەر دووجاری درێژیی باڵا بە مەتر.
- ئەگەر رێژەکە کەمتر لە 18.5 دەرچوو، بە کێشکەم دادەندرێت و دەبێت راوێژ بە پزیشکی خۆراک بکرێت بۆ زیادبوونی کێشەکە.
- ئەگەر رێژەکە لەنێوان 18.5-24 بوو، واتە کێشەکە تەندروستە و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە قەڵەوییەوە کەمترینە.
- ئەگەر رێژەکە لەنێوان 25-29 بوو، بە کێشزۆر دادەنرێت کە لێرەدا پارێزی لە خۆراک و وەرزش گرنگە.
- ئەگەر رێژەکە زیاتر بوو لە 30، واتە کەسەکە قەڵەوە و پێویستە وەرزش و پارێزی بکرێت و پڕۆگرامێکی چڕ دابنرێت بۆ دابەزاندنی کێش، چونکە زۆرترین مەترسیی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی قەڵەوی هەیە.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
