رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و رایدەگەیێنێت، ئەو کەسانەی جگەرە و نێرگەلە دەکێشن یان ڤەیپ بەکاردەهێنن، زیاتر لە مەترسی تووشبووندان.
د. عەلی عەبدولەتیف، پسپۆڕی کۆئەندامی هەناسە بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی کۆئەندامی هەناسە راستەوخۆ بەرکەوتەی هەوای دەوروبەرە، هەر پیسبوونێک لە ژینگەدا راستەوخۆ دەبێتە هۆی هەوکردن و سەرهەڵدانی نەخۆشییە باوەکان، لەوانە نەخۆشی رەبۆ، هەوکردنی بۆڕی هەناسە و وشکبوونی سییەکان."
سەبارەت بە نیشانە سەرەتاییەکانی کاریگەربوون بە هەوای پیس، د. عەلی دەڵێت، "کۆکە، سینگ ئێشە و هەناسەتەنگبوون، بەتایبەت لە کاتی دانیشتن، رۆیشتن یان نووستن، لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئۆکسیجن لە گرنگترین ئەو نیشانانەن کە دەبێت هاووڵاتییان بە هەندی وەربگرن."
بە گوتەی د. عەلی عەبدولەتیف، ئەو کەسانەی لە ژینگەی پیسدا دەژین، ئەوانەی جگەرە دەکێشن و ئەو کەسانەی هۆکاری بۆماوەیی نەخۆشییەکانی هەناسەیان هەیە، زۆرترین مەترسی تووشبوونیان لەسەرە.
د. عەلی عەبدولەتیف، رێنوێنی دەدات کە دوورکەوتنەوە لە شوێنە هەوا پیسەکان باشترین رێگەی خۆپارێزییە و دەڵێت، "لە کاتی پێویستدا بۆ بەکارهێنانی دەمامک، تەنیا دەمامکەکانی جۆری N-95 یان FFP2 کاریگەرن لە رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی هەوای پیس، دووکەڵ، بۆنی کیمیایی و تووز و خۆڵ، لە کاتێکدا دەمامکی ئاسایی ئەو کاریگەرییەی نییە."
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
_-_%D8%AF%DA%98%DB%95%D8%A8%DB%95%DA%A9%D8%AA%D8%B1%DB%8C%D8%A7.png&w=3840&q=75)