رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی هامبۆرگ لە ئەڵمانیا، ئەو منداڵانەی بە بەردەوامی بە پێی پەتی دەڕۆن، خاوەنی پێی بەهێزتر و تەندروستترن.
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، رۆیشتنی منداڵان بە پێی پەتی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستیی پێیەکانیان و بەهێزکردنی توانای جووڵەیی و وەرزشییان هەیە.
پڕۆفیسۆر د. ئاسترید زێک، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "کاتێک پێڵاو دەکڕین، زۆربەی کات تەنیا سەیری درێژییەکەی دەکەین و گرنگی بە پانی و بەرزییەکەی نادەین، بەمەش پێڵاوەکە وەک کۆرسێیەکی لێدێت کە رێگری لە گەشەی سرووشتیی پێیەکان دەکات''.
توێژینەوەکە بەراوردی لەنێوان نزیکەی 1000 منداڵی تەمەن 6 بۆ 18 ساڵ لە ئەفریقای باشوور (کە زۆربەی کات بە پێی پەتی دەڕۆن) و ئەڵمانیا کردووە. دەرکەوتووە، منداڵانی ئەفریقای باشوور قەوسی پێیان بەرزتر و پێیان پانیشتتر بووە، ئەمەش نیشانەی بەهێزیی ماسوولکەکانیانە. هەروەها لە تاقیکردنەوەکانی بازدان و راگرتنی هاوسەنگیدا، توانایەکی باشتریان هەبووە.
پسپۆڕان رێنمایی دەکەن، لەو شوێنانەی رۆیشتن بە پێی پەتی گونجاو نییە، دەتوانرێت "پێڵاوی مینیمالیست" (کە بە پێڵاوی پێی پەتیش ناسراوە) بەکاربهێنرێت، چونکە سووک و نەرمە و یارمەتیی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی پێ دەدات.



