رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، جۆر و ماوەی خەو دەکرێت پەیوەندییان بە مەترسیی تووشبوون بە دەیان نەخۆشییەوە هەبێت، لەوانە سستبوونی دڵ، شەکرە و خەمۆکی.
توێژینەوەکە، لە گۆڤاری PLOS Medicine بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن تیمێکەوە لە زانکۆی پزیشکیی پایتەخت لە چین ئەنجامدراوە، پشتی بە داتای زیاتر لە 95 هەزار کەسی بەشداربووی "بایۆبانکی بەریتانیا" بەستووە کە بۆ ماوەی نزیکەی 9 ساڵ چاودێری کراون.
ئەنجامەکان، دەریانخستووە کە خەوی قووڵ مەترسیی تووشبوون بە 7 حاڵەتی وەک شەکرەی جۆری دووەمی کەمکردووەتەوە، بەرامبەر بەوە خەوی ناڕێک و زۆر بەئاگابوونەوە لە شەودا، مەترسیی تووشبوون بە چەندین حاڵەتی وەک دڵەڕاوکێ و تێکچوونەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیان زیادکردووە.
توێژەران، بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کەمتر لە 5 کاژێر دەخەون، زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە 37 نەخۆشیدان، لە کاتێکدا خەوی نێوان 6 بۆ 8 کاژێر باشترین بووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە توێژینەوەکەیان تەنیا پەیوەندیی نێوان خەو و نەخۆشییەکان نیشان دەدات و ئەوە ناسەلمێنێت کە خەو هۆکاری راستەوخۆی نەخۆشییەکانە یان رێگرییان لێدەکات.



