رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی دەریخستووە، هەوکردنی درێژخایەن کە پەیوەندی بە دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و شێوازی ژیانەوە هەیە، دەتوانێت بەبێدەنگی ببێتە هۆی گۆڕانکاریی مەترسیدار لە پێکهاتەی دڵدا و مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد بکات.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری (European Journal of Preventive Cardiology) بڵاو کراوەتەوە و لەلایەن توێژەرانی کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەنەوە سەرپەرشتی کراوە، زانیاریی نزیکەی 480 هەزار کەسی لە بەریتانیا شیکردووەتەوە.
گرنگترین دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە:
- ئەو کەسانەی بەرزترین ئاستی هەوکردنیان هەبوو، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ یان مێشک بە رێژەی 43٪ زیاتر بوو.
- دڵی ئەو کەسانە گۆڕانکاریی پێکهاتەیی بەخۆیەوە بینیبوو، وەک ئەستووربوونی دیوارەکانی، بچووکبوونەوەی ژوورەکانی و لاوازبوونی فرمانی دڵ.
- ئاستی بەرزی هەوکردن پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەژاری، گوشاری دەروونی، جگەرەکێشان و قەڵەویدا هەبوو.
پڕۆفیسۆر د. دێکلان ئۆریگان، لە کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن دەڵێت: "ملیۆنان کەس رەنگە لەگەڵ هەوکردنێکی شاراوەدا بژین کە هێواش هێواش دڵیان دەگۆڕێت و زیانی درێژخایەنیان پێدەگەیێنێت، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، ئەوەبوو کە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستیی دەروونی تا چەند پەیوەستن بە هەوکردن و زیانگەیاندن بە دڵ''.



