رووداو - تەندروستی
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی بەساڵاچووان لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، "پیربوون نەخۆشی نییە،" بەڵام دان بە بوونی چەند نەخۆشییەکدا دەنێت کە پەیوەستن بە بەساڵداچوونەوە.
پڕۆفیسۆر میخائیل دینکینگەر، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی بەساڵاچووان لە ئەڵمانیا پێی وایە پۆلێنکردنی چوونە تەمەن وەک نەخۆشییەک "کارێکی زۆر مەترسیدارە" و دەڵێت، "ئەمە ئاراستەیەکە کە بە دڵنیاییەوە سوودی بۆ کۆمەڵگەکەمان نییە، هەرکەسێک بەم شێوەیە بیربکاتەوە، ئەوەی لەبیر دەچێت کە چوونە تەمەن لایەنی ئەرێنیشی لەگەڵدایە''.
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی بەساڵاچووان لە ئەڵمانیا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەوڵدان بۆ ژیانێکی درێژ و تەندروست هیچ کێشەیەکی نییە و ئەو رێگەیانەی یارمەتیدەرن بۆ ئەمە، لەلایەن توێژینەوەکانەوە پشتگیری دەکرێن، لەوانە:
- ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی
- خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی خۆپارێزی
- پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان



