رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی هۆشداریی دەدات لەوەی کە خواردنی بەردەوامی خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان ، تەنیا هۆکار نین بۆ قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ، بەڵکو دەبنە هۆی تێکشکاندنی خانەکانی مێشک و بەشێوەیەکی بەرچاو ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاد دەکەن.
بەپێی توێژینەوەیەکی رێکخراوی ئەڵزهایمەری بەریتانیا، ئەو کەسانەی پشتبەستنی سەرەکیی ژەمەکانیان بە خۆراکە دەستکاریکراو و ئامادەکراوەکانە، زیاتر لە کەسانی دیکە رووبەڕووی پاشەکشەی توانای بیرەوەری دەبنەوە؛ ئەمەش بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر لە چەوریی ناتەندروست، شەکر، سۆدیۆم و مادە کیمیاییە پارێزەرەکان.
ئەم خۆراکانە چۆن خانەکانی مێشک لەنێودەبەن؟
توێژەران روونی دەکەنەوە، ئەو خۆراکانەی کە بە زۆر دەستکاریکراوەکان دادەنرێن، کۆمەڵێک مادەی دەستکردیان تێدایە کە هەرگیز لە چێشتخانەی ماڵەوەدا بەکارناهێنرێن، لەوانە: شیرینییە دەستکردەکان، مادە پارێزەرەکان، رەنگ و بڕێکی یەکجار زۆر لە خوێ (سۆدیۆم). کاتێک مرۆڤ ئەم خۆراکانە دەخوات پێکهاتە کیمیایی و چەورییە زیانبەخشەکان دەچنە نێو لوولەکانی خوێنەوە لەڕێگەی سووڕی خوێنەوە دەگوازرێنەوە بۆ خانە هەستیارەکانی مێشک ئەم مادانە دەبنە هۆی هەوکردنی درێژخایەنی دەمارەخانەکان و تێکدانی پەیوەندیی نێوان خانەکانی مێشک، کە لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی لەناوچوون و مردنی ئەو خانانەی بەرپرسن لە یادگە و فێربوون.
مەترسیدارترین خۆراکەکان کامانەن؟
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، خۆراکە مەترسیدارەکان پۆلێن دەکرێن بۆ چەند بەشێکی سەرەکی کە پێویستە تا دەکرێت بەکارهێنانیان کەم بکرێتەوە:
- گۆشتی لەقوتووکراو و دەستکاریکراو: سۆسج، هۆت دۆگ.
- خۆراکە خێراکان: چیزبەرگەر، پیتزا، پەتاتەی سوورەوەکراو.
- شیرینی و خۆراکە دەستکردەکان: نوقڵ، دۆندرمە و بەتایبەت خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان.
بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی لە ئەمریکا (NIH)، تێکڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی بیرچوونەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەنێو بەساڵاچوواندا گەیشتووەتە نزیکەی 12%، کە ئەمەش رێژەیەکی بەرزە و دەکاتە نزیکەی 770 کەس لە هەر 100,000 کەسێکدا



