رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 150 کەس لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دوای خواردنی شاورمە لە یەکێک لە عەرەبانەکانی سەر شەقام، ژەهراوی بوون و تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
یەکێک لەو کەسانەی ژەهراوی بووە بە رووداوی گوت، "کاژێر 11ـی شەو حەوت لەفەی شاورمەم هێنا، کە خواردمان هەستم کرد تامەکەی گۆڕاوە و وەکو جاران نییە، بەڵام گوێم پێنەدا. حەوت کەس لە خێزانەکەی من تووشی سکچوون و رشانەوە بوون."
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 150 کەس بەهۆی خواردنی شاورمەکەوە ژەهراوی بوون و سەردانی نەخۆشخانە و نۆرینگەکانیان کردووە.
کارمەندێکی تەندروستی دەڵێت، "نەخۆشەکان تووشی سکچوون و رشانەوە دەبن و پێویستیان بە چارەسەرە. سێ بۆ چوار رۆژێکیان دەوێت تاوەکو باشتر دەبن."
هاوپیشەکانی خاوەنی عەرەبانەکە گومان دەکەن کە مایۆنیز هۆکاری ژەهراویبوونەکە بووبێت. ئاوارە رەسوڵ، یەکێک لە هاوپیشەکانی بە رووداوی گوت، "هۆکارەکەی مایۆنیزە، لەوانەیە لە کاتی ئامادەکردنی، هێلکە یان رۆنیان زیاتر تێکردبێت و ئەمەش بووەتە هۆکاری ژەهراویبوونی ئەم خەڵکە."
نەوزاد جەعفەر، برای خاوەنی عەرەبانەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چوار کەس لە خێزانی خۆشیان دوای خواردنی شاورمەکە تووشی هەمان حاڵەت بوون.
دوای رووداوەکە، لیژنەکانی قایمقامییەتی هەولێر عەرەبانەکە و شوێنی ئامادەکردنی خواردنەکەیان داخست و خاوەنەکەشیان دەستگیر کرد. هەروەها بەهۆی نەشیاوی شوێنەکە، بڕیاریانداوە سەرجەم لەفە فرۆشەکانی سەر شەقام لە گەڕەکی فەرمانبەران لاببەن.


