رووداو دیجیتاڵ
پەرستارانی کرماشان دژی خراپیی ژیانیان و کەمیی مووچەکانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و گرد دەبنەوە و کۆمەڵێک داواکارییان هەیە.
لە چەند رۆژی رابردوودا پەرستارانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان و وەڵامنەدانەوەی داخوازییەكانیان لەلایەن بەرپرسانەوە، لەبەردەم زانکۆی زانستی پزیشکی گردبوونەوە.
پەرستاران بەهۆی خراپیی بژێویی ژیان، پێنەدانی مووچە و خراپ بەڕێوەبردنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، داوای بەدواداچوونی بەپەلەیان بۆ داواکارییەکانیان کرد.
پەرستارێکی کرماشان کە لە گردبوونەوەکە بەشدارە، بە رووداوی گوت، "ئەوان 6 خاڵیان وەک داواکاری پێشکێشی بەرپرسان کردووە و داوای جێبەجێکردنی ئەو 6 خاڵە دەکەن."
خاڵەکان ئەمانەن:
1. بەدواداچوون بۆ زیادکردنی مووچە و دەرماڵە.
2. بەدواداچوون بۆ داواکارییە دارییەکان، قەرەبووکردنەوەی رووداوی کارکردن و نەخۆشی.
3. بەدواداچوون بۆ پێدانی ماف و دەرماڵەی بۆنە و بڕیارەکانی حکومەت.
4. بەدواداچوون بۆ مافی دواکەوتووی نیشتەجێبوون، جلوبەرگ و دەرماڵەی دەرچوون بۆ کار (ئیفاد).
5. بەدواداچوون بۆ زیادکردنی مووچەی کارمەندانی تەندروستی.
6. داوای چارەکردنی کێشە و داخوازییەکان بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە (خۆپیشاندانی مەدەنی).
کەمترین مووچەی پەرستاران لە ئێران بۆ ئەم ساڵ 16ملیۆن و 500 هەزار تمەنە (68 دۆلار) و زۆرترین مووچەش 47 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە (203 دۆلار).



.png&w=3840&q=75)