رووداو - تەندروستی لە توێژینەوەیەکدا دەرمانێکی نوێ هیوایەک بۆ چارەسەری شێرپەنجە دروستدەکات، بە تایبەتیش بۆ ئەو خانە شێرپەنجەییانە کە بەرگرییان بەرامبەر دەرمانەکان پەیدا کردووە و تووشبووان بە دەرمانەکانی شێرپەنجە چارەسەر نابن. توێژەرانی کۆلێژی پزیشکی بایلۆر لە ئەمریکا لە هەوڵێکی نوێدا بۆ چارەسەری شێرپەنجە، دەرمانێکی تاقیکارییان پەرەپێداوە کە بەرگریی خانە شێرپەنجەییەکان کۆنتڕۆڵ دەکات. ئەم دەرمانە کاریگەریی چارەسەرەکانی دیکە زیاد دەکات، توانای بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان ناهێڵێت و گەشەی گرێکان خاو دەکاتەوە. پرۆفیسۆر د. وێی-چێن لین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە کۆلێژی بایلۆر، داهێنانی دەرمانێکی تاقیکاریی نوێی بۆ شێرپەنجە بە ناوی (CS18) راگەیاند، ئەم دەرمانە لەسەر چەندین جۆری خانەی شێرپەنجەیی وەک ( وەک مەمک، هێلکەدان، سییەکان و شێرپەنجەی خوێن) و مۆدێلی ئاژەڵ تاقیکراوەتەوە. بەپێی ئەنجامەکان، کاتێک (CS18) لەگەڵ دەرمانە ستانداردەکانی شێرپەنجە تێکەڵکراوە، توانای لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە و لە هەمان کاتدا زیانی بۆ خانە تەندروستەکان کەمتر بووە. دوای ماوەیەک لە وەرگرتنی دەرمان بۆ چارەسەری شێرپەنجە، خانە شێرپەنجەییەکان دووبارە دەتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگەی دەرمانەکەدا بگونجێنن، ئەمەش وا دەکات دەرمانەکە چیتر کاریگەری نەبێت و نەخۆشییەکە سەرهەڵبداتەوە، دۆزینەوەی دەرمانی نوێ وەک (CS18) ئاماژەیە بۆ رێگاچارەی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە. بەپێی WHO، رێگەکانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە دەکرێت ئەمانە بن؛ * خۆراکی تەندروست * کەمخواردنی خۆراکە لەقوتوونراوەکان * دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان * دوورکەوتنەوە لە کحول * وەرزش * کێشڕێکی * ژینگەی خاوێن * خۆپاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکان
تەندروستی23-09-2026زانکۆی شۆوای ژاپۆنی: تەنیا پێنج خولەک بۆنکردنی قاوەی تازەگیراوە، باری دەروونی ئارام دەکاتەوە